گوڵان فەهیم ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان(کەژار) رۆژی سێشەممە بەشداری بەرنامەی دەنگی شیلان لە رادیۆ دەنگی وڵات بوو و سەبارەت بە ساڵرۆژی پرۆژەیەک کە کەژار لە ساڵی ٢٠١٨ پێشکەشی کردووە وڵامی پرسیارەکانی بەم شێوەیە دایەوە:
گوڵان فەهیم ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان(کەژار) رۆژی سێشەممە بەشداری بەرنامەی دەنگی شیلان لە رادیۆ دەنگی وڵات بوو و سەبارەت بە ساڵرۆژی پرۆژەیەک کە کەژار لە ساڵی ٢٠١٨ پێشکەشی کردووە وڵامی پرسیارەکانی بەم شێوەیە دایەوە:
١ – لە پرۆژەیەک کە ئێوە داتان رشتووە باس لە سیاسەتەکانی رژێمی ئێران و راستی کۆمەڵگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگا دەکەن و دەڵێن کە سیاسەتەکانی ئێران وای کردوە کە گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر، هەژاری، لەشفرۆشی و خۆکوژی و ...هتد پێش بکەوێت و ئەو سیاسەتانە بوون بە هۆکاری ئەوەی کە کۆمەڵگا بەرەو داڕزان و داڕمانێک بچێت، دوای ساڵێک دەبینین کە ئەم شتانە هێشتاش هەر بەردەوامن؛ ئایا دوای پێشکەش کردنی ئەم پرۆژەیە هیچ گۆڕانکارییەک لە بارودۆخی ئێراندا پێکهاتووە؟
*پێشکەشکردنی پرۆژە لەسەر بنەمای قووڵ بوونی کێشە گەلێک بوو کە لە کۆمەڵگای ئێران و رۆژهەڵات دا بوونیان هەبوو. هەڵبەتە تێکۆشان تەنیا سنووردار بە پرۆژەیەک نییە؛چونکە لە بەرامبەر سیاسەتەکامی رژێمی ئێران کە بەردەوام کێشە و قەیران دەنێتەوە تێکۆشانێکی هەمیشەیی پێویستە. هەرچەند ئەم تێکۆشانە تا ئاستێکیش بەڕێوە چووبێت کەچی لەبەر ئەوەی گۆڕانکارییەکی جددی لە رژێمی ئێراندا درووست نەبوو پێویستیمان بە پێشکەش کردنی پرۆژەیەکی بەم شێوەیە دیت. ئەم پرۆژەیە دەبێ کە کەژار پێشکەشی کردبێ بەڵام پرۆژەیەکە کە هەموو ژنان و لە هەمان کاتدا کۆمەڵگا بتوانن خاوەندارێتی لێبکەن؛ چونکە ئەم پرۆژەیە تەنیا بۆ ژنان نییە و لە هەمان کاتدا پرۆژەیەکی کۆمەڵایەتییە، پرۆژەیەک بۆ چارەسەری کێشەی گەلانە. لە دوای پێشکەش کردنی ئەم پرۆژەیە ئەگەرچی تا ئاستێک لە لایەن کۆمەڵگاوە خاوەندارێتی لێکرا بەڵام لە هەموو بوارەکانەوە تێکۆشان کردن لاواز بوو، بۆ ئەمەش بەگوێرەی ئێمە ئامانجمان کردبوو ، لەلایەن هەموو کۆمەڵگا و ژنانەوە تێکۆشانێکی هاوبەش بەڕێوە نەچوو و ئەگەریش بەڕێوەچووبێت لە ئاستێک سنووردار مایەوە؛ بۆ ئەمەش خاڵێک کە بە تەواوەتی پێک هاتبێت و رژێمی ئێران گۆرانکارییەکی بنگەیی پێکهێنابێت نییە و ئەگەر بمانهەوێت گۆڕانگاری لە رژێمی ئێراندا پێک بێت؛ گۆڕانکاری شتێکی کاتی نییە و گۆڕانکارییەکی بەم شێوەیە بە تەواوەتی جێگەی خۆی ناگرێت؛ چونکە کێشەی ئێستای ئێران کێشەی زهنییەتییە، چونکە زهنییەتێکی دیموکراتیک نییە و زهنییەتێکی دیموکراتیک ئاوا کردن پێویستی بە ماوەیەکی درێژ هەیە. دەتوانین بڵێن تا ئیستا لە زهنییەتی ئێران دا گۆرانکارییەک درووست نەبووە. ئەگەر وەکو سیستەم گۆڕانکارییەکانی ناوبەین هێندێک جار بۆ داخوازیگەلێک کە کراون بۆئەوەی داخوازییەکان زۆر رادیکاڵ نەبن و یاساکانی ئێران لێپێچینەوەیان بۆ نەکرێت بە تایبەت لەم دواییانەدا جێگرتنی ژنان لە یاریگاکانی وەرزش دا گۆڕاناکاری پێکهێنا کە ئەوەش لە بنگەوە گۆڕانکارییەک نییە بۆ نمونە ئەگەر وەرزشێکی میللی هەبێت دەتوانن بچن ئەویش بە شێوەیەک کە لەبەینی ژنان و پیاوان دا دیوار هەبێت بۆ ئەوەی کە دەنگی یەکتر نەبیسن و یەکتر نەبینن. بە گشتی دەتوانین بڵێن کە گۆڕانکارییەکی زۆر جددی لە سیاسەتی رژێمی ئێراندا درووست نەبووە.
٢ – ئێوە لەم پرۆژەیە دا ١٣خاڵتان خستۆتەروو ئایا ئەم ١٣ خاڵە بۆ رۆژی ئەمڕۆشمان دەربازدارە؟ 
*هەڵبەتە، ئەم ماددانە کە ئێمە بۆ ئەم پرۆژەیە دیارمان کردن ماددەی بنگەیین؛ هەم بۆ گۆڕینی زهنییەت هەم بۆ گۆڕینی یاساگەلێک کە ئێران دایناون؛ هەروەکوو ئاماژەم پێکرد هێندێک پرۆژە هەنە کە تەنیا بۆ ماوەیەکە کە ئەگەر تۆ کێشەیەکی کاتیت دیت بە شێوەیەکی هاوبەش پرۆژەیەکی کاتی پیشکەش دەکەی بەڵام، پرۆژەی ئێمە پرۆژەیەکی درێژخایەنە. ساڵیک بەسەر ئەم پرۆژەی ئێمەدا تێپەڕ بوو بەڵام گۆڕانکارییەکی جددی لە رژێمی ئێراندا درووست نەکرد و داخوازییەکانی ئێمە زۆر گوێیان پێنەدرا و تەنانەت لە زۆر بابەتاندا شتگەلێک کە ئێمە وتمان پێویستە بگۆڕدرێن رژێمی ئێران بە پێچەوانەوە وڵامی دایەوە؛ بۆ نموونە ئێمە وتمان پێویستە کۆتایی بە سیاسەتی لەسێدارەدان بهێنرێت، رۆژانە رژێم هاوڵاتیان لەسێدارە دەدات؛ وتمان کە پێویستە لە یاسای زەواجی لە تەمەنی بچووکدا گۆڕانکاری درووست ببێت، ئێران لە وڵامدا وتی پێویستە ئەم بابەتە قسەی لەسەر نەکرێت و زۆر بابەتی تر کە بابەتی سەرەکی بوون و پێویست بوو پێکبێن ئێران بە پێچەوانەوە وڵامی داینەوە. بۆ ئەوەش دەتوانین بڵێن هەتاکوو کێشەکانی ئێران و رۆژهەڵات، کێشەکانی ژنان، کێشەکانی گەلان چارەسەر نەکرێن تێکۆشان بەردەوامە.
٣ – لەم ١٣ خاڵە هیچ خاڵێک هەبوو کە بەتەواوی پێک هاتبێ یاخود پێویستە ئێستاکەش ئەم ١٣خالە راوەستەی لەسەر بکرێت؟
*هەروەکوو ئاماژەم پێکرد ئێران چونکە سیستەمی خۆی لەسەر بنەمای دەوڵەت-نەتەوە پێش دەخات بەو واتایەیە کە لەسەر بنەمای دیموکراسی کێشەکان چارەسەر ناکات و ئێستاکە ئێران بۆخۆشی نابێتە چارەسەری؛ هێزی ئێران بۆ چارەسەر کردنی کێشەی ژنان نییە، هێزی بۆ چارەسەر کردنی کێشەی گەلان نییە بۆ ئەوەش ئەگەر بۆ چارەسەری کێشەیەک هێز نەبێت زەخت دێتە ئاراوە، ئێستاکە ئێرانیش بەم رەنگەیە؛ ئەگەر نەتوانێت چارەسەری پێش بخات شمشێری زەخت و گوشار دەگرێتە دەستی و کێ هاتە پێش شمشێرەکەی لێ رادەکێشێ. ئێرانیش لە رەوشێکی بەم شێوەیە دا کە ناتوانێت چارەسەری بێنێت زەختی خۆی زۆرتر دەکات. ناتوانێت بێتە هێزی چارەسەری بە گرتن، کوشتن و سنووردار کردنی گەل لە هێندێک بابەتدا زەخت لەسەر گەلان دەکات. دەتوانین بڵێن کە ئێران گۆڕانکارییەکی جددی ئاوا نەکردووە و نایکات ئەوە ئێمەین کە دەبێت گۆڕانکاری درووست بکەین. لە نزیکایەتیەکی بەم شێوەیە دا مەگەر هەڵسوکەوتی گەل و پێشەنگایەتی ژن گۆڕانکارییەک درووست بکات و ئەمەش بە زهنییەتیکی دیموکراتیکی گەل دەکرێت.
٤ – ئێوە لەم پرۆژەیەدا باس لە کلتووری دەوڵامەندی کۆمەڵگای ئێران دەکەن و دەڵێن کە ئەم کلتوورە ئیمکانی پێکهێنانی ژیانێکی دیموکراتیک لەگەڵ موزایکی گەلان فەراهەم دەکات؛ بۆ ئەوەی ئەم موزایکی گەلانە بەردەوام بێت و یەکسانی لە کۆمەڵگا دا پێک بێنێت پێویستە چی بکات؟ 
*لە ئێران زۆر نەتەوە بە یەکەوە ژیان دەکەن کە ئەمە خاڵی بەهێز لەگەل خۆی دێنێت؛ ئەو خالە بەهێزە چییە؟ دەوڵەمەند بوونی کلتوور لەگەڵ خۆی دێنێت، ئەو دەوڵەمەندی کلتوورە لە ئێراندا دەتوانێت ببێتە هۆی دابەشکردنێکی هاوبەش، دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگایەک جوانتر بەڕێوە بچێت بەڵام یاساکانی ئێران لەسەر بنەمای یەک نەتەوە پێشدەکەون و ئەوەش دەبێتە هۆی یەک زمانی، یەک کلتووری، یەک ئاڵایی و هەموو یەکەکان بە بنەما دەگرێت و ئەم یاسایانە لە هەمانکاتدا دەبنە هۆی ئەوەی کە تۆ رەنگی نەتەوەکانی تر ، کلتووری نەتەوەکانی تر، زمانی نەتەوەکانی تر پەسەند نەکەی و کاتێکیش نەتەوەیەک خۆی لەسەرەوەی نەتەوەیەکی تر دیت ئەو کاتە مافی خۆی دەبینێت کە هەرجۆرە ناحەقییەک، هەرجۆرە زوڵم لە نەتەوەکانی تر بکات لەئاستی بچووک دیتنەوە بیگرە هەتا نەبوونی ئەم نەتەوەیە. لەسەر ئەو بنەمایە پێویستە لە ئێران دا یاسایەک هەبێت کە هەموو نەتەوەکان لەناو خۆیدا بگرێت بۆ نمونە لە مەکتەب دا پێویست ناکات زمانی نەتەوەیەکی تر قەدەغە بێت یاخود جلوبەرگی نەتەوەیەکی تر نابێت لێپێچینەوەی لەسەر بکرێت. یەکرەنگ کردنی نەتەوە نیشاندەری فەقیری کلتوورییە. ئەو موزایکی گەلانە کە لە ئێراندا ژیان دەکەن دەتوانێت کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک پێش بخات نەتەوەی دیموکراتیک بە ئاسانی دەتوانیت لە ئێران دا جیگیر ببێت. هەموو گەل لەسەر بنەمای یەکتر بەهێز کردن و یەکتر کامڵ کردن دەتوانن لەوێ ژیان بکەن بەڵام، ئێستاکە یاساکانی ئێران رێگری لەم شتە دەکەن. ئەگەر لە داهاتوو دا گۆڕانکاری لەم یاسایەدا پێش نەکەوێت دەتوانن گەڵان لەگەڵ یەک و ئایینەکان لەگەڵ یەک بەشەڕ بدەن و ئەوەی کە رەنگێکی جودای هەبێت لەبەرامبەر یەکتر بەشەڕ بدات؛ ئەمڕۆکە شەڕی جیهان کە بەڕێوە دەچێت هەموو لەسەر بنەمای ئەمە بەڕێوە دەچێت. گۆڕانکاری یاسای ئێران دەتوانێت ببێتە چارەسەری بۆ ئەم بابەتە. لە راستیدا لە مێژوو دا گەڵان هەر پێکەوە ژیانیان کردووە بەڵام بە تێپەڕ بوونی کات و بە درووست بوونی سیستەمی دەسەڵاتدار کە یەکرەنگی پێشخست، ئەم شتە لە زهنییەتی کۆمەڵگاش دا جێی گرت و ناوەندگەرایی لە گەل دا پێشخست دەنا لە بنەمادا وەکوو کلتوور ئەم شتە لە گەلاندا نییە.
٥- وەکو ئێوەش ئاماژەتان پێکرد رژێمی ئێران لەبن ناوی گوناح و حیجاب هەرجۆرە خۆتێهەلقورتاندنیک لەسەر ژنان بۆخۆی رەوا دەبینێت، ئێوەش لەم پرۆژەیەدا باس لەمە دەکەن؛ ئایا ئامانجیان لەم خۆتێهەڵقورتاندنە لە ژیانی ژنان دا چییە؟ 
*بارودۆخێک کە ئێستاکە ژنان تێیدا دەژین بەشێکی زۆری بنگەی خۆی لەم زهنییەتە دەگرن، بەسیستەمێک کە لەسەر ژنان دەسەپێندرێ دەتوانین بارودۆخی ژنان لە ئێراندا بەم شێوەیە پێناسە بکەین: ژن لەناو ماڵێک بەوێنەی زیندان دایە، کاتێک دەڵێ زیندان وا دێتە مێشکمانەوە کە وەکوو دیوێکە کە تاک دەخەیتە ناوی و دەرکای لەسەر دادەخەی بەڵام، راستییەک کە لە بواری زهنییەتی و تەنانەت لە بواری قسەکردن دا پێناسەیەک کە بۆ ژن دەکرێت،کە لە ئێران و رۆژهەڵاتیش ئەم زهنییەتە ژنی هێناوەتە رەوشیک کە لەبن ناوی گوناح، حیجاب و  قەدەغەیانەوە ئەوەندە لەسەر ژن زەخت دەکرێت کە وای لێهاتووە کە ژن ئەگەر بیهەوێت هەنگاوێک هەڵگرێت پێویستە حیسابی زۆر شتان بکات، پێویستە هەر هەڵسوکەوت، قسەوقسەلۆک و سزا و سووکایەتییەک کە لەبەرابەری دەکرێت، رەچاو بکات. رژێمی ئێران بە باشی دەزانێت کە چەندە بتوانێت ژن کۆیلە بکات ئەوەندە دەتوانێت کۆمەڵگا کۆیلە بکات، چەندە بتوانێت دەسەڵاتداری خۆی لەسەر ژنان زاڵ بکات ئەوەندە دەتوانێت لەسەر کۆمەڵگا دەسەلاتداری خۆی زاڵ بکات لە هەمانکاتدا بۆ ئەوەی بتوانێت کۆمەڵگایەکی کۆیلە درووست بکات پێویستی بەوە هەیە کە لە زهنییەت دا کۆمەڵگا یەخسیر بکات. راستی کۆمەلگا لەناو وشەگەلێک کە پێشی دەخات ئەو راستییە دەداتە پێش کە ١-ژنێک کە پێشەنگە، پێشەنگایەتی بۆ ناهێڵێتەوە.٢-ژنێک کە دەتوانێت لە هەموو خەباتەکاندا جێگە بگرێت، سنووردار دەکات.٣-ژنێک کە بواری پیشخستنی هەموو راستییەکانە، وای نیشان دەدا کە ژن هەبوونێکە کە هەموو خەراپییەکان پێشدەخات، ژن هەبوونێکە کە گوناحە، ژن لە کوێ بێت جێگەی مەترسییە؛ بۆ ئەمەش سیستەمێک کە ئێران لە بن ناوی گوناح و حیجاب پێشی دەخات، لەبواری هزری و ژیانی دا زەختێک لەسەر ژنان پێش دەخات. ئەم زەختانە کاریگەریەکی زۆر لەسەر کۆمەڵگاش دادەنیت. ژن لە بواری هزری و روحی و تەنانەت جەستەییش یەخسیر دەکات؛ ئەگەر بیری لێبکەینەوە کەسێک کە لە بواری هزری دا ئازاد نەبێت و نەتوانێت بیرکردنەوەی خۆی بێنێتە سەر زمان و تەنانەت لە بواری روحی دا ٢٤کاتژمێر لەبن چاودێری سیستەمیک بێت و هەر ساتێک ئەگەری قسەکردنی خەراپی لەسەری هەیە و لەبواری جەستەییەوە سیستەمێکە کە تۆ چ لەبەر بکەی، جلوبەرگت چۆن بێت، چۆن قسەبکەی، چۆن بیر بکەیتەوە، چۆن هەڵسوکەوت بکەی؛ یانی لەهەموو بوارەکانەوە رژێمی ئێران ژن وەکوو ئەوە کە هەبوونێک نییە کە بۆخۆی بیر بکاتەوە و بتوانێت ژیان بکات و سەبارەت بە ئەو رژێم دەبێ بڕیار بدات؛دەبینێت ئەو کاتە لەو کەسە دا چی پێشدەکەوێت کەسێکی کۆیلە کە نەتوانێت کۆمەڵگا بەڕیوە ببات. رژێمی ئێران لەسەر بنەمای ئەوەی کە کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک پێک نەیەت ئەم بابەتانە لەبن ناوی گوناح و حیجابەوە پێش دەخات. 
٦- لە خاڵی یەکەمی پرۆژەکەتاندا باس لە گۆڕینی یاسا بنەڕەتییەکانی ئێران دەکەن، بۆچی پێویستە ئەم ئاسایانە بگۆڕدرێن؟
*ئەگەر بتهەوێت گۆڕانکاری لە هەر وڵاتێک دا درووست بکەی، ئەگەر کێشەیەک هەبێت سەرەتا پێویستە بگەڕێینەوە یاساکانی ئەم وڵاتە؛ جێگایەک کە یاساکانی دیموکراتیک نەبێت ژیانێکی دیموکراتیکیش تێیدا پێش ناکەوێت. ئەو زهنییەتە دەسەڵاتدارە کە هەتا رۆژی ئەمڕۆمان هاتووە لەگەڵ خۆی کێشەی جۆراوجۆر دێنێت و ئێمە دەزانین کە پێویستییەکی جددی بە گۆڕانکاری هەیە. دەبێ ئەگەر یاساش بگۆڕدرێ لە بواری زهنییەتی دا چونکە زهنییەتێکی دیموکراتیک نییە لە بواری ژیانی و پیشخستنی سیستەمێکی دیموکراتیک زەحمەتی هەبن بەڵام، لە بنەماشدا بۆ ئەوەی زهنییەت بگۆڕدرێ پێویستە یاساکانیش دیموکراتیک ببن. ئەگەر بڕوانینە یاساکانی ئێران هیچ یاسایێک بوونی نییە کە بڵێن بە گوێرەی کۆمەڵگا پێشخراوە. یاسا بۆچی پێش دەخرێن؟ دەتوانین بڵێن کە لە کۆمەڵگای سەرەتایی دا هیچ پێویستییەک بە یاسا نەبووە چونکە بۆخۆی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک و بە رەوشت بووە و بە شێوەیەکی هاوسەنگ بەڕێوە دەچوو بەڵام، بە تێپەڕ بوونی کات و پێشکەوتنی سیستەمی دەسەڵاتداری و سیستەمی باوکسالاری پێش لەم شتە گیرا و ئاستەنگی لە پێش کۆمەڵگایەکی بەمشێوەیە دا داندرا. ئەم زهنییەتە لەگەڵ خۆی نادادپەروەری، بێ رەوشتی و کێشەگەلی جۆراوجۆری بۆ کۆمەڵگا هێنا و لەو کاتەشدا پیویستی بە یاسا هەیە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا خۆی بەڕێوە ببات. ئەم یاسایانە دەتوانن لەسەر بنەمای داخوازی و پێویستە کۆمەڵگا پێش بکەون. بۆ نمونە با ئێران بڵێت کە فڵان یاسا بە گوێرەی پێویستی هەموو نەتەوەکانی ئێرانە، دەزانین کە بەم رەنگە نییە و بە پێچەوانەوە بە گوێرەی کەسانێکە کە دەیانهەوێت کۆماری ئیسلامی بەڕێوە ببەن و لە ژێر چاودێری مەجلیسی خۆبرگان و رێوەبەرە پایەبەرزەکانەوە پێش خراون و بەڕێوە دەچن. هەموو ئەو خاڵانەی کە ئێمە لەم پرۆژەیە دا دامانڕێشتووە لەسەر بنەمای تێکۆشان کردنە بەڵام سەرەتای هەموو شتێکیش پێویستە لە بواری یاسایی دا گۆڕانکاری درووست ببێت. ئەگەر ئێمە دەمانهەوێت کۆمەڵگایەکی دێموکراتیک بونیاد بنێین و ئازادی ژن مسۆگەر بکەین پێویستە لە یاساکانی ئێراندا گۆڕانکاری درووست ببێت. 
٧- ئێوە لە خاڵی دوویەم دا باس لە شێوازی یەکسانی جێگەگرتنی ژنان لە تەواوی ئۆڕگانەکانی بەڕێوەبەری دا دەکەن، بۆچی پێویستە ژنان لە هەموو ئۆرگانەکان دا جێگە بگرن؟
*جێگە گرتنی رێوەبەری لە هەمانکاتدا بە واتای پێش خستنی سیاسەتە؛ سیاسەتیش بە عەقڵێکی هاوبەش و زهنییەتێکی دیموکراتیک دەتواندرێت پێشکەوێت، سیاسەت لە راستی خۆیدا بەرێوەبردنی کۆمەڵگا و خۆبەڕێوەبردنی نەتەوەکان و خۆبەڕێوەبردنی رەگەزەکانە بەڵام، ئێستاکە دەوڵەتەکان سیاسەتیان وەرچەرخاندووە بۆ شتی درۆ و ئەوەندە شتیان لەبن ناوی سیاسەتدا کردووە کە لەبەر چاوی کۆمەڵگا سیاسەت شتێکی خەراپە و تەنیا گرێدراوی چەند کەسانە و ئەمە لەبەر سیاسەتێکە کە ئێستاکە ئێرانیش  ئەم سیاسەتە بەڕێوە دەبات، چەند کەسی پایەبەرز هەموو کۆمەڵگایان یەخسیر کردووە و دەڵین کە من بەڕێەوەی دەبەم، یاسای ئەو کۆمەڵگایە من دایدەنێم، ئابووری ئەو من بەڕێوەی دەبەم، تەندروستی ئەو من بەرپرسیارم؛ هەموو شتی ئەو کۆمەڵگایەی خستۆتە دەستی خۆی و بەو رەنگە دەڵێت کە ئەوەی سیاسەت دەکات منم. ئەو زهنییەتە دەسەڵاتدارە ئێستاکە تەنیا لەسەر یەک رەگەز بەڕێوە دەچێت بۆ ئەمەش پێویستی بەمە هەیە کە ژنیش لەناو رێوەبەری دا جێ بگرێت و بە عەقڵێکی هاوبەش ساسەت بەڕێوە بچێت. ئێستاکە بڕیارێک کە دەرحەق بەژنانیش دەگیردرێت بەشێکی زۆری بە عەقڵی پیاو دەگیردرێت و پیاو ئەوە وەکوو مافی خۆی دەبینێت کە دەرحەق بە ژن بڕیار بگرێت. دەتوانێت بڕیار بگرێت کە ژمارەی ژنان لە رێوەبەری دا چەندە بێت، دەتوانێت بڕیار بگرێت کە ژن لە ئابووری دا جێ نەگرێت و دەرحەق بە هەموو گۆرەپانەکانی ژیان دا دەتوانێت بڕیارێکی نادادپەروەرانە بگرێت. بۆ ئەوەی ئەم نزیکایەتییە نادیموکراتیک و نادادپەروەرانە تێپەڕ بکرێن پێویستە کە ژنیش لەناو ئۆڕگانی بەڕێوەبەریدا جێ بگرێت بۆ ئەوەی بتوانێت دەرحەق بە ژن خاوەن بڕیار بێت. ئەگەر لەم ئۆڕگانانە دا جێگە نەگرێت وەکو ئێستا ئێران کە لەبن ناوی ئیسلام دەڵین ژن زەوی تۆیە چیت پێخۆشە بیچێنە و چیت پێخۆشە هەڵیگرەوە بارودۆخی ژنان بەم شێوەیەیە؛ کێ بیهەوێت دەرحەق بە ژن چ بڕیار بیهەوێت بگرێت، دەیگرێت و ئەگەر بە ئەندازەی جێ گرتنی پیاوان لە رێوەبەریدا ژنانیش جێ نەگرن کێشەی ژنان چارەسەر نابێت. 
٨-لە خاڵکی تردا ئاماژەتان بە ئابووری سەربەخۆی ژنان کردووە،لە رۆژی ئەمڕۆماندا هەروەک دەبینین کۆمەڵگای ئێران و رۆژهەڵات لە قەیرانێکی گەورەی ئابووری دایە؛ ئابووری سەربەخۆی ژنان چەندە دەتوانێت لە تێپەڕکردنی ئەم قەیرانانە دا کاریگەر بێت؟
*لە کاتی ئێستا دا ئێران کێشەی جددی ئابووری هەیە، لەو دواییانە دا بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا بۆسەر ئێران ئەم کێشانەی ئێران قووڵتر بوونەوە بەڵام، پێش ئەوەی ئەم گەمارۆیانە لەسەر ئێران دابندرێن ئێران کێشەی ئابووری هەر هەبوو. بۆچی ئێستاکە ئێران رووبەڕووی کێشەی جددی لەم بوارەدا بۆتەوە؟ بۆ نمونە لە بواری جوگرافیا دا کێشەی ئێران نییە و ئەگەر بتوانێت بە شێوەیەکی دیموکراتیک ئەم جوگرافیایە بە کار بێنێت رووبەڕووی کێشەیەکی ئابووری جددی نابێتەوە بەڵام هەروەک ئاماژەم پێ کرد هەموو نزیکایەتییەکان، نزیکایەتییەکی دەسەڵاتدارن و جوگرافیای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا لەبن دەستی بەشێک کە دەوڵەت بەڕێوە دەچێت، دەبینین کە کێشەکانی ئێران هەر دێت و قووڵتر دەبن. جێگە گرتنی ژنان لە ئابووری دا دەتوانێت بە شێواز و زهنییەتێکی دیموکراتیک تر نزیکی بەشی ئابووری ببێتەوە. ئەم زهنییەتە دەتوانێت ببێتە چارەسەری هەموو کێشە ئابوورییەکانی ئێران. ئەگەر بڕوانینە کۆمەڵگا تەنانەت ئەگەر لە چوارچێوەی خێزاندا لێی بڕوانین کەسێک کە هەرە زۆر کەد و رەنج دەدات ژنە، لە منداڵ بە ناو هێنانێکەوە بیگرە هەتا بەخێو کردنی ئەو منداڵە کە کۆمەڵگا لەسەر کەسان پێشدەکەویت ژن کەد دەدات بەڵام لە ئێراندا ئەمە وەکو کەد نادیترێت و بێ بایەخی دەکەن. ژنان لە زۆر بواری تردا بۆ نمونە بە شتگەلێک کە بەدەستی خۆی درووستی دەکات دەتوانێت بەرهەمێکی زۆر بەدەست بێنێت بەڵام، ژنان لە گۆڕەپانی ئابووری دا تەنانەت ئابووری خێزانیش هەر بێبەش دەکرێن. ئەمە لەسەر بنەمای ئەوە دەکرێت کە ژن هەر چاو لە دەستی پیاو بێت و بەردەوام موحتاجی پیاو و سیستەم بێت؛ یاسا ئیزنی ئەوە نادات کە ژن لە هەموو بوارێکەوە ئابووری سەربەخۆی هەبێت یاخود لە هەموو گۆڕەپانە ئابوورییەکان دا جیگە بگرێت و حەقدەستیکی هەبێت؛ ئەمەیان وەکو ئاکاری کۆمەڵگا لێ کردووە، ئەگەر ئابوورییەکی سەربەخۆی ژنان هەبێت دەتواندرێت قەیرانە ئابوورییەکان چارەسەر بن و لە هەمانکاتدا زۆر لەو کێشانە کە ژن لەناو خێزان دا رووبەڕووی دەبێتەوە دەتوانن چارەسەر بن. 
٩- لە خاڵێکی ترتاندا ئاماژەتان بە تاکی ئازاد و کۆمەڵگایەکی یەکسان کردووە، بۆ ئەوەی تاکێکی ئازاد و کۆمەڵگایەکی یەکسان بونیاد بنرێت پێویستە چی بکرێت؟
*سیستەمی پەروەردەی ئێران چونکە سیستەمێکی دیموکراتیک نییە لە زهنییەتیشدا دیموکراتیک بوون پێش ناخات، بۆ نمونە کەسانێک کە لە سیستەمی ئێراندا خوێندویانە با ئەمە لە بەرچاو بگرن؛ هەر لە پۆلی سەرەتاییەوە پەروەردە لەسەر بنەمای دەسەڵاتداری و کۆیلەداری دەدرێت، بەشێکی بنگەیی کۆمەڵگا کە دەتوانێت دیموکراسی پێشبخات یان لە زهنییەتدا گۆڕانکاری درووست بکات پەروەدەی ئێرانیان دیتووە؛ بۆ ئەمە ئێمە بۆ گۆڕینی کەس، پەروەردە بابەتێکی سەرەکی دەبینین. لە بواری یاسایی دا بابەتێکی گرنگە کە ئیزن نادات تاکی ئازاد پێش بکەوێت، ئیزن نادات کە تاک نە رەنگ و نەهەبوون ونە زانستی خۆی بتوانێت ژیان بکات و تێکۆشان بەڕێوە ببات؛ تەنانەت لە بواری هزرییەوە رژێمی ئێران لە بن ناوی مافی هەموو کۆمەڵگا ئەوەندە لەسەر تاک زەخت دەکەن کە لە تاک دا ئیرادەی ئازاد پێش ناکەوێت. لە ئایدۆلۆژیای ئێمەش دا ئەوە لە پێشە کە دەڵێن کۆمەڵگا بە تاک پێش دەکەوێت ئەو کاتە ئیرادەی ئازادی تاک پێویستە و لە هەمانکاتدا ئەو کەسەش بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد دەتوانێت گۆڕانکاری لەخۆیدا پێک بێنێت. هەموو نزیکایەتییە دەسەڵاتدارەکان کە ئێران لەبن ناوی پەروەردە لە مەکتەبەکانی دا دەیاندات زەبرێکی گەورەیە بۆ پێشنەخستنی کۆمەڵگا و دیموکراتیک نەکردنی کۆمەڵگا؛ بۆ ئەوە لە یاسا دا گۆڕانکاری و تاک پەروەردە کردن و ماف دانی تاک دەتوانێت زۆر گۆڕانکاری زهنییەتیش لە تاکدا پێک بێنن.
١٠- ئێوە ئەوە ساڵێکە ئەم پرۆژەیەتان پێشکەش کردووە، ئێوە لەم پرۆژەیە دا باس لە، لەسێدارە دان و بن پێ کردنی مافی ژیانی کەسەکان دەکەن؛ بەڵام لە ماوەی ئەم یەکساڵە دا بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان ٢٥٣ کەس لەپێش چاوی خەڵک لە سێدارە دران و بە دەیان کەسیش چاوەڕوانی رۆژی سێدارەکەیانن، ئایا ئەمە وڵامی پرۆژەکەی ئێوە بوو؟ 
*بە ساڵانە کە ئێران دەیهەوێت لەسەر ئەو سێدارانە هەژمۆنی خۆی بەڕێوە ببات و تەنانەت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی بخاتە ناو گەرەنتییەکەوە کە لە رژێمی ئێراندا گۆڕانکارییەک درووست نەبێت مەکانیزمی هەرە بەهێزی ئێران بۆ ترساندنی کۆمەڵگا، سێدارەیە. بە رێگەی سێدارەوە دەیهەوێت هێزە دیموکراتیک و خۆڕاگرەکانی ناو کۆمەڵگا بێدەنگ بکات. ئێران یەکێک لەو دەوڵەتانەیە کە بۆ ئەوەی خۆی لەسەر پێ بهێڵێتەوە رێبازی هەرە هۆڤانە بەکار دێنێت. ئێران خۆی بە دەوڵەتێکی ئیسلامگەرا نیشان دەدا؛لە ئیسلام دا، لە قۆرعان دا نزیکایەتییەکی بەم رەنگە هەیە کە ئەگەر گیانێک کە خودا دابێتیە کەسێک، ناتوانێت بیستێنێ بەڵام، ئێران لەناو مانگێک دا بە سەدان کەس دەتوانێت بباتە سەر پەتی سێدارە. ئەم سێدارانە لە بن ناوی ئەوە دا دەکرێن کە تووشی مادەی هۆشبەر بووە، دزی کردووە، لە ناو رێکخستنی دژی ئیسلام جێی گرتووە و لەبن ئەم ناوانە دا هەموو بابەتە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتە بابەتی حیساب خواستن لەم کەسانە و لە سێدارەیان دەدات. ئێمە بە ساڵانە لە بەرامبەر ئەم زهنییەتە تێکۆشان دەکەین و لەوە بۆ دواوەش پێویستە تێکۆشان بەردەوام بێت؛ ئەمە تەنیا بابەتی تێکۆشان بۆ ئێمە وەکو کەژار یاخود کۆمەڵگایەک کە لە ئێران و رۆژهەڵاتدا ژیان دەکەن نییە، ئەمە بابەتیکە کە پێویستە هەموو مرۆڤایەتی لە بەرامبەری تێکۆشان بکەن. ئێمە لەو بڕوایە داین کە ئێران نە تەنیا وڵامی ئێمە بەم شێوەیە دەداتەوە بەڵکو ئەمە وڵامی هەموو گەلە، وڵامی روحی خۆراگری و تێکۆشانی دیمکراتیکە و بەم رەنگە هیچ شتێکیان بۆ گەل نەهێشتۆتەوە.
١١-ئەگەر رژێمی ئێران خۆی بە گوێرەی پێویست نەگۆڕێت و یاسای دیموکراتیک پێک نەهێنێت، ئێوە چی دەکەن؟
*بۆ ئەوەی ئەم پرۆژەیە بەجێ بکەین وەکو کەژار بە هەر شێوازێک بێت تێکۆشان دەکەین؛ ئێران چ بیهەوێت و چ نەیهەوێت ناچارە گۆڕانکاری درووست بکات، ئەگەر نەیهەوێت بارودۆخێک کە وڵاتەکانی تر تێیدان و رووبەڕووی شەڕی دژوار بوونەوە؛ ئێران بۆخۆشی دەزانێت رووبەڕووی بارودۆخێکی بەم شێوەیە دەبێتەوە، چونکە کێشە و بابەتی سەرەکە لە ئێران دا بابەتی ژنە و ئەگەر کێشەی ژنان چارەسەر نەکات یەک کێشەی ئێران چارەسەر نابێت. هەروەکوو سەرەتاش ئاماژەم پێکرد ئێران بۆخۆی گۆڕانکاری درووست ناکات دەبێت هەوڵ بدات بەڵام لە بنگەوە گۆڕانکاری ناکات؛ ئەوە ئێمەین کە دەبێ گۆڕانکاری درووست بکەین و ئەمەش بە روحێکی هاوبەش و تێکۆشان بەڕیوەبردن لە هەموو گۆڕەپانەکاندا پێک بێت. 
١٢- ئێوە لەم پرۆژەیەتاندا باس لە مافی ژن لە بواری یاسایی دا دەکەن چونکە لە یاسای ئێراندا زەواج لە تەمەنی بچووکدا و زەواجگەلێک بە وێنەی سیغە و زەواجی سپی رەوایە و زەواج لە تەمەنی بچووکدا نە تەنیا منداڵان لە مافی ژیانی راستەقینەیان بێ بەش دەکات بەڵکو دەیانکات بە ئامرازێک لەبن دەستی پیاوان دا، ئێوە ئەمساڵیش بە مەبەستی تێکۆشان لەگەڵ هەر جۆرە توندوتیژییەک بەتایبەت زەواج لەتەمەنی بچووک دا هەڵمەتێکتان دەست پێکردووە، ئایا دەتوانین بڵێن ئەم هەڵمەتە بەردەوامی پرۆژەکەی پارتانە؟
*هەڵبەتە، پرۆژەیەک کە ئێمە پێشکەشمان کرد پرۆژەیەکی درێژ خایەنە بەڵام هەڵمەت بۆ ماوەیەک کە لەسەر هێندێک بابەتان کە بتوانین تێکۆشانێک لە دژی توندوتیژی بەڕێوە ببەین دەستی پێکردووە و لە داهاتوویەکی نزیک دا لەسەر بنەمای تێکۆشانێکی هاوبەش لە دژی زەواج لە تەمەنی بچووکدا بەڕێوە بچێت. لەم ماوەی دواییدا زۆر لە ژنان بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان بگەیێنە دەوڵەت و خاوەندارێتی لێ بکەن داخوازی تێکۆشانیان کرد؛ نمونە ئەو ١٤ ژنە کە داخوازی دەست لە کار کێشانەوەی خامنەئی و گۆڕانکاری لە یاسای بنەڕەتی ئیرانیان کردبوو کە خاوەندارێتی کردنێکیشیان پێش کەوت و جار، جار هێندێک کەمپەین دەست پی دەکەن بەڵام، بۆ ئێمە بابەتی زەواج لە تەمەنی بچووکدا بابەتێکی زۆر جددییە؛ نیوەی کێشەکانی کۆمەڵگای ئێران بنگەیان بۆ ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە. ئەگەر لە یاسای زەواج لە تەمەنی بچووکدا گۆڕانکارییەک درووست نەکەین، لە بابەتی ژندا گۆڕانکارییەک درووست نابێت؛ چونکە ئێمە باسی داگیرکاری لەسەر وڵاتان دەکەین بەڵام سەرەتا لەسەر جەستەی ژن داگیرکاری پێش دەکەوێت بۆ نمونە کچێک کە لە تەمەنی ٩یان ١٠ ساڵی دا بە شوو دەدرێت چۆن دەتوانێت لەسەر جەستەی خۆی خاوەن بڕیار بێت یاخود چۆن دەتوانێت جەستەی خۆی لە پیاوێک بپارێزێت؟ لەم تەمەنەدا کچ بەشوو دان بەو واتایەیە کە پیاو دەتوانیت بەهەموو شێوازێک جەستەی ئەو کچە داگیر بکات. بڕوامان وایە کە ئەگەر لەم بابەتەدا گۆڕانکاری درووست نەبێت، لە زهنییەتی داگیرکەریشدا گۆڕانکاری درووست نابێت. بەم هەڵمەتە کە دەستمان پیکرددوە دەمانهەوێت کە هەموو ژنان و هەموو نەتەوەکان کە لە ئێراندا دەژین و رێکخستنەکانی ژنانی کوردیش کە لەبەرامبەر ئەم زهنییەتە ناڕازین و پەسەندیشی ناکەن؛ لەم بابەتە دا یەکدەنگ بین؛ رەنگە لەبواری ئایدۆلۆژیاوە ئێمە لێک جیا بین بەڵام لە بابەتی ئەم هەڵمەتەماندا هەموومان هاوبەشین و لەسەر بنەمای ئەوەی کە چۆن تێکؤشان و چالاکی هاوبەش پێش بخەین پێویستە هەموو وزەی خۆمان کۆ بکەینەوە و لە بەرامبەر ئەو نزیکایەتی و یاسایانەی کە پێش دەکەون بتوانین تێکۆشانێکی هاوبەش بەڕێوە ببەین و بەم روحە دەتوانین لە ئێراندا گۆڕانکاری ئاوا بکەین.