• تاگەکان: ,

    گریلا

    23 ئاب, 2020

     بەفرین قەندیل

    مرۆڤ سەرەتا دەنگێک دەبیسێت، وەها دەست بە ژیانێکی نوێ دەکات، دەنگ قووڵ و شاراوەیە، لە سەر ئەم ژیانە هەر کەس قسە دەکات، زۆر کەس دەترسن و ڕەشی دەکەن، دەیانەوێ بە چیرۆکێکی ناخۆشیان لە نێو دڵی ئینسانەکان دا ترس ئاوا بکەن، بەڵام کەم کەس دەزانن و کەمتر کەسێک بینیویانە، ژیانێکی نوێ لە سەر کۆک و ڕیشەی خۆی شین ببێ. ئەرێ، لە بەر ئەمەیە، ئەمڕۆ بە هەموو هەوڵدان، پیسی و ناپاکی خۆیان لە سەر ئەم خاکە خوێن دەبارێنن، دەخوازرێ لە سەر ناوی هیوا هەموو شتێک لە ڕەگ و ڕیشەوە بتوێتەوە. بۆیە، ئەو دەنگە زۆر قووڵ وشاراوەیە تا گوێچکە کەڕەکان بچڕێنێ، چاوە کوێرەکانیش لە جێگای خۆی دەربێنێ، دەستە پێس وگڵاوەکان لە سەر ئەم خاکە ببڕێ…

    ئاخۆ سروشت بمرێ بۆ زیندەوەرێک ژیان دەمێنێ؟ مەگەرسروشت ئەوە نیە کە دوای زستانی رەش، بەهار لە نوێوە شین دەکات. لە سەر ئەو خاکانە هەر بەهار هیواش شین دەبێ و هەر جار گەرم و گوڕتر… شەهیدی ئەو خاکانە بە خوێنی زوڵاڵی خۆیان ئاو دەدەن بە تووی هیوا…

    لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە مەریوان، شاهۆ، کۆساڵان هەتا ئورومیە هەر بستێک خاک، بە هەزاران ساڵە، بە رەنج و تێکۆشانی ئەم گەلە بۆتە جێگای ژیان، لە هەر لا چیرۆکێکی نەوتراو چاوەڕوانی ئەوەیە کە بێتە سەر زمان؛ لە ناو دارستانی سووتاو، لە نێو گوندی وێران کراو، تاڵان کراو لە نێو ئەشکەوتی لە بیر کراو ژیانی حەشار دراو لە ژێر خاکی پیرۆز دا… هەر یەک لەوانە بە حەیران دەست پێ دەکا، دەستی خۆی دەدا بە سیاچەمانە و بە هۆرەیێک سڵاوێکی گەرم بۆ دەنگبێژی دەنێرێ، بۆ ئەوەی بڵێ دەبێ قەت لە بیرمان نەچێ! لە بیر نەکەین کە ئەو خوێن و عارەقە، ئەو ژیانە قەت بێ خاوەن نامێنێ!

    ئەوڕۆ سنووری مەزهەب و زاراوە، لە راستی دا زێهنیەتی داگیرکەر کە هەوڵی داوە یەکیەتی گەلی ئێرە کە بە هەموو شادی، کەیف خۆشی، ئێش و ژانی خۆیانەوە دەژین لە ناو ببات، ئەمڕۆ لە ڕێبەری ڕێبەر ئاپۆ و لە کەسایەتی گەریلای ئازادی دا لە نوێوە بە هەموو هێز و گیانداری خۆی ئەژی… هەر گەریلایێکی کوردستان، دەبێتە پردێک، دەبێ بە دەنگێک، دەبێ بە هیوایێک. لە سەر ڕوویان قەت پێکەنین، شایی و باوەڕی کەم نابێ! بە یەک دڵی، هەر سات دەیسەلمێنن کە بە ئیرادە، ئینسان دەتوانێ ببێتە چەندین ئەرتێش، دەتوانێ لە بەرانبەری چەندین ئەرتێش سەربکەوێ…

    لە ژیانی گەریلا دا بابەتی دەست لێ بەرنەردراو، پەروەدەیە؛ پەروەردە نەبێ، هەر شت کەم دەمێنێ، بۆیەش کۆمەڵگا خۆی پەروەردە دەکات تا لە هەمبەر هەر جۆرە هەستیاریێکی ژیان بە تێگەیشتنەوە هەڵسوکەوت بکات،دەزانێ بۆچی دەژی؟ بۆچی تێکۆشان دەکات… لە گەریلایەتی دا هەر لا مەکتەبە؛ سروشت بۆ خۆی جێگایێکە کە فێر دەکات، بەرهەم دەدا… بێ گومان خولقکاری گەریلا لێرەدا شاراوەیە، وەک ژیانی ئاسایی لە نێو چوار دیوار دا خۆی سنووردار ناکات. یەک بوون و یەک پارەیێک لە هەر دوولاوە درووست دەبێ. دەنگی با، چۆلەکە و گیانلەبەرە جۆراوجۆرەکان بە هەموو ئاهەنگ و ڕەنگینی خۆیەوە دەبێتە بەشێک لە پەروەردە. لە بەر ئەمەیە کە گەریلا قەت شکست ناخوا، بۆیەش گەریلا بەردەوام سەردەکەوێ و دەبێتە هیوای داهاتووی ژیانێکی ئازاد…

    گەریلا لە هەمبەر ئەو زێهنیەتەی کە سەدان ساڵە لە سەر ئەم خاکانە، خوێن دەڕژێنێ، ئێش و ژان دەدا و ئەو ئینسانە لە نێو هەبوونێکی دەوڵەمەند دا، ڕووبەڕووی فەقیری و بێچارەیی دەکاتەوە و سەرشۆڕیان دەکا؛ سەرهەڵدانێکە، واتایێکی تری ژیانی ئازادە. ژیان لەم شوێنانە لە سەر خۆڵەمێشی خۆی شین دەبێتەوە؛ گەریلا ئەم جێگایانە دەکاتە شوێنی ژیانی خۆی، جێگای پاراستن و تێکۆشان؛ هەر لا بۆی دەبێتە سەنگەر؛ جارێ دارێک، جارێ چاڵێک، جارێ لووتکەیێک؛ چەک و دووربین لە دەستی گەریلا دایە و زۆر جار بێڵ و قوڵینگیش زێدە دەبێ، وەک جوانی جووتیارێک، خاک دەکاتە سەنگەری خۆی؛ بە سەرنج و دیقەتی ئەندازیارێکەوە(مهندس)بەرد لە سەر یەک دادەنێ و دەیکا بە قەڵغانی خۆی تا بە رق و پێداگری لە هەمبەر هەر جۆرە تەکنۆلۆژیێکی دوژمن سوێندی ژیانی ئازاد پێک بێنێ. بە دەستەی بێڵ و قوڵینگەکەوە دڵۆپی خوێن و ئارەقی چەندین شەهیدی قارەمان بە جێ ماوە، چەندین گوڵ بەم خوێن و ئارەقانە لەم خاکە پیرۆزە رواوە. ڕەنگاوڕەنگ، زیندوو و بە جۆش…

    لەوانەیە کەس وەکوو گەریلا نەتوانێ گرێدراوی بە ژینگە و سروشت ئەوەندە خۆش و لە ناخی دڵەوە بێنێتە زمان. باش گوێ بگرن! باش تەماشا بکەن! تا بە جوانی ببینن کە وشەی هەڵقوڵاو لە دڵ چۆن دەگاتە گوێچکەمان و بەرەو دڵ دەچێ و لێدەدا. تا ببینن کاتێ گەریلایێک ئاوڕ لە شوێنێک دەداتەوە چەندە قووڵ و واتادار لێی دەڕوانێ؛ وەک بڵێی ئێوە دەکاتە مێوانی خۆی و لە گەڵ خۆیدا دەتانگەڕێنێ. ئەگەر باش گوێ لە گۆرانیەکانیان بگرن، یەک گۆرانیش نابینن کە بە هیوا نەخەمڵابێ و نەشۆرابێ. هاواری ئێش و ژانی سەدان ساڵەی تێدا نەبێ…

     

      

     



    کژار