• تاگەکان: , ,

    هاواری نیشتمان

    18 نیسان, 2019

    هەوری رەش و چاو بە گریانی بەهار

    شیوەنی کرد، شیوەنی کرد تا هەموومانی کرد خەمبار

    تاوانبار هەور نییە کەوا چاو بە گریانە

    ئەو ماتەمپۆش و بێزار لە پەلامارانە

    کە بینی کرمانشانی دڵی رۆژهەڵات دارووخا

    گوڵی باخو هومێدی هەڵپڕووکا

    کە بینی بەفری زستانی، مناڵان رەق هەڵدێنێ

    دڵی هەزاران مناڵی تر دادەخوڕپێنێ

    کە بینی بەنداوەکان، مناڵان تێر ئاو ناکەن

    باخەکان، بەرهەمی دارەکانیان پێ نادەن

    کە بینی یارمەتییە مرۆییەکان، ناگاتە دەستیان

    هەموویان بۆخۆیان دەبەن، کاربەدەستان

    کە بینی تیر ئاگای لە برسی نییە

    ئیتر رۆژنامەوان، لە ئاوارەکان پرسی نییە

    کە بینی شوێنەوارە مێژوویەکان چوونە بن خۆڵ

    کۆڵان و شەقام، ئیتر نەمان گورج و گۆڵ

    خۆی نەگرت و فرمێسکی هاتە خوارێ وەک تاڤگە

    خاپووری کرد، ئەم ژینگە شۆخ و شەنگە

    تۆڵەی لە بەنداو ساندەوە و بە ئاو خنکاندی

    کەچی دیتی ئاواتی نەهات بەدی

    ئاواتی بوو تۆڵە لە زووڵمداران بستێنێ

    کەچی دیتی، رۆڵەی نیشتمانە کەوا نامێنێ

    بیر دەکاتەوە رێگە چارە چییە؟

    فرمێسکی ڕاناوەستێ، تاوانی ئەو بێچارە نییە

    تاڤگەی ئەسرین، بوو بە رووبار و بەحر و زریا

    بردی هەزار خۆزگە و هیوا لەگەڵ خۆیا

    کە دەبینێت کرمانشان دەگات بە فریا

    ئاوات دەخوازێ فرمێسک نەمێنێ لە چاویا

    ئارەزوو دەکات ئیتر باران نەبارێت لە بەهار

    هیچ منداڵێک نەگریت و نەکات هاوار

    نەبرژێت جەرگی هیچ دایکێکی هەژار

    نەتەزێت دڵی هیچ بابێکی نەدار

    ئەم نیشتمانە جوانە وێرانە نەبێت

    هەر بە گوڵ و گوڵزار ڕازاوە بێت

    ئەو کاتەی بەدی هات ئاواتەکەی

    هیوا و ئارەزووی دڵە خەمبارەکەی

    ئەوکاتەی نەیبیست ئیتر هاواری ژینگە

    فرمێسک لەچاوی نەڕژا وەک تاڤگە

    ئەو کاتە شیوەن نابێتە کاری نیشتمان

    دڵیان بە خەم نابێت مناڵانی کرمانشان و لۆرستان

    خەمبار نابێت هۆنراوەی شاعیران

    شادی و ئازادی دەبێت سەراویان

     

    تەوار ژیروان

     



    کژار