نەورۆز، بووژانەوەیە

ماڵه‌وه1399/1/6

لە نێو چیرۆکە کۆنەکاندا دەگوترێت کە خوەداوەندی میترا لە یەکەم شەو و لە هەمان کاتدا درێژترین شەوی زستان واتا 'یەلدا' بە تیر و کەوان و مەشخەڵێکی ئاگرین، لە دایک دەبێ

کاوەندا ئەژین

لە نێو چیرۆکە کۆنەکاندا دەگوترێت کە خوەداوەندی میترا لە یەکەم شەو و لە هەمان کاتدا درێژترین شەوی زستان واتا 'یەلدا' بە تیر و کەوان و مەشخەڵێکی ئاگرین، لە دایک دەبێ. میترا بۆ شەڕ لە گەڵ تاریکی و داهێنانی ڕووناکی، لە گەڵ ئەهریمەن خودای تاریکی و ڕەشایی بە شەڕ دێ. لەم شەڕەدا میترا دەکوژرێ، ئەو دەگەڕێتەوە بۆ ژێر زەوین و بە درێژایی زستان خەریکی کۆ کردنەوەی هێزی خۆی دەبێت. لە ڕۆژی یەکەمی بەهار کە وەکو ڕۆژی نەورۆز دەناسرێت، دایکی سروشت دیسانەوە، میترا دەزێنێتەوە. دیسان شەڕی میترا و ئەهریمەن دەس پێ دەکات و ئەم جارە میترا بە یارمەتی دایکی سروشت، شکست بە ئەهریمەن دادەنێ. ئەهریمەن شکست دەخوات و ڕووناکی کە بە شەڕی میترا لە گەڵ تاریکی بە هێزتر بوووەتەوە، دەست بە بووژانەوەی سروشت دەکات. لەم ڕۆژەدا، شەو و ڕۆژ یەکسان دەبن. کوردەکان لە سەردەمی هووریەکان هەتا کاسیتەکان، ئەم ڕۆژە وەکو جێژنی میترا دەناسن و پیرۆزی دەکەن. ئێدی میترا بۆ ئەوان، هەم ئاین بووو هەم ناسنامە. میترا وەکو خوەدای باشی، لە زەرتۆشتیش دا جێگای خۆی دەداتە ئەهورا مەزدا و کوردان ئەمڕۆ وەکو چیرۆکی 'کاوەی ئاسنگەر' دەیناسن. میترا کە لە ئاوێستاشدا وەکو خوەداوەندی پارێزەری ئاشتی، باشی، خۆر، یەکگرتنی کۆم و قەبیلەیان و تێکۆشان، پێناسە دەکرێ، دەبێتە تەمەن درێژترین خوەداوەندی سەر زەوی.

میتۆلۆژیەکان یان ئەو چیرۆکە کۆنانە، بەشێکی زۆرینەی ڕاستی کۆمەڵگاکان وسەردەمەکانیان بەیان دەکەن. ئەم چیرۆکە زۆر شتمان فێر دەکا، ئەمەی کە دایکمان سروشتە و ئێمە بە مردن تەنیا دەگەڕینەوە بۆ لای دایکمان، نەک لە ناو دەچین، پێناسەی خوەداوەندی تێکۆشەر بووونی میترایە، پێمان ئەڵێ کە تاریکی بۆ هەمیشە لە کەمینمانە و شەڕ لە گەڵی هیچ بەربەستێک تەنانەت مردنیش ناناسێت.

لە هەر سەردەمێکدا ئەم ناسنامە، بە شێوە و ناوێک لە گۆشەیێک لە سەر ئەم خاکە دەڕووێت و باڵا دەکات. گەلێک جار پەل و پۆی شکێندراوە و بە گژیدا چوونە، لەق و دەماریان بەستۆتەوه، هەر جارەو ناوێکی پێچەوانەیان لێ داناوە. بەڵام یەک ڕاستی هەیە کە هێزی ڕەشی، یان هێشتا سەری لێ سووڕە، یانیش هەر پێ نەزانیوە، ئەویش ئەوەیە کە گەلی کورد خۆی بە ئەوینداری ڕووناکی، یەکسانی، هاوبەشی و یەکگرتن دەناسێ، واتا خۆی بە گەلی نەورۆز دەناسێ و لە پێناویشیدا ترسی خۆی کردوە بە غەزەب، ڕق و تۆڵە. لە هەر قۆناخێکی مێژووی ژیانی کۆمەڵایەتی خۆیدا بۆ پاراستنی ئەوەی وەکو نرخ و بەرهەمی ژیانی خۆی ناسیوە، بەرخۆدانی بۆ کردووە. واتا بەرخۆدان بووە کولتوری ئەم میللەتە، بووە بە کاراکتەریان. لە مانیتی، مەزدەکی، خۆڕەمی و ...  بگرە تا ئەمڕۆ لە فەلسەفەی ئاپۆگەریدا شەڕڤانەکانی ڕووناکی و حه‌قیقه‌ت لە بەرانبەر سەپاندنی حوکمی تاریکیدا ڕادەست نەبووون و سوورن، سوور بە هێزترین ڕەنگی ئاگر و ڕۆشنائیە. ڕیشەیان لە چیادا چەقاندووە و بوون بە گەلێکی چیایی. ئۆجاخی ئاگرینی نەورۆزیان کە سەمبۆلی خۆزانینە لە چیاکاندا، کە لە کولتوری ئەواندا بووە بە وارگەی خوداوەندان، داگیرساندوە و تین و گڕیان گەیاندووە بە هەموو گوند و شارەکانی دەوروبەریشیان. بەم گڕ و تینە نەک تەنیا خۆیان بەڵکو ئەرمەنی، فارس، تورک و... یان هێناوەتە لای یەک و داب و نەڕیتی میترائیان کردووە بە بزاڤێکی گەردونی. کورد بەم ناسنامەوە کاریگەریەکی مەزنی لە سەر باوەڕی و کلتووری هەرێمەکە داناوە و بووە بە پێشەنگ و نوێنەری گەلانی هەرێمەکە.

لە کەسایەتی کاوەی هاودەم  "مەزڵوم دۆغان" دا بڕوا و بۆچوونی بەرخۆدان کە هەمان ژیانە، سەرکەوتووانە زێهنیەتی گەلانی بە ڕووی ئەوەی هەمیشە وەکو مەحاڵ نیشانیان داوە، کردووە و ئەمە ئەگەرچی سەراسەر پڕ بێ لە دژواری، بەڵام بەرەو ڕاستی دەیانبات. هەڤاڵ "مەزڵوم" لە بەرانبەر بێ پێوانترین شەڕی ڕژیمی ئەهریمەن سفەتی تورکیە دا، لە یەکەمین ڕۆژی بەهاری ساڵی ١٩٨٢دا، بە چالاکیەک لە گرتوخانەی "ئامەد" کردی، ڕەگەزی ژیانی بەشەڕەفی لە پێش چاوی جیهان دیسانەوە شێوەیەکی نوێ بەخشی و هێڵی گەلی ڕۆناکتر کردەوە. ڕێبەر ئاپۆ لە سەر شەهید مەزڵوم ئەڵێ: "مەزڵوم نەمرد، ئەو بوو بە بیانوی شەڕی ئێمە". هەروەها لە شوێنێکی تردا ئەڵێ: نەورۆز بە شەڕ و سیاسەتی گەورە درووست دەبێت. هەڤاڵ "کەماڵ و خەیریش" کە بە ڕەگەز تورک بوون، لە ناو ئەم هێڵەدا، بوون بە زمانی داخوازی یەکبوونی گەلان بۆ ئازادی. "زەکیەکان، ڕەهشانەکان" و سەدان شەڕڤانی تر، پارێزەری ئەم مەخشەڵیانە کرد و نەیانهێشت بڕوا و هێوا بە سەرکەفتنی ڕۆژێکی نوێ لاواز ببێت. لە بەرانبەر پیلانگێڕی و ڕێخستن کردن لە پێناو پاکتاو کردنی ئەو شەڕڤانانەی کەوا نزیکترین و ڕاستترین هاوڕێتی لە گەڵ فەلسەفەی ڕۆناکایی دەژین، گەورەترین شەڕ و بەرخۆدانیان کرد. شەڕ و ڕادەست نەبوونی ئەوان بەربەست، هێرش و تارمایی گۆڕەپانی سیاسەت و شەڕی بێ واتا دەکرد.    

ئەم چیرۆکە ڕاستە تاکوو ئەمڕۆ لە کوردستاندا، دەرەوەی نوێ بوونەوەی سروشت و کاریگەریەکەی لە سەر تەواوی لایەنەکانی کلتووری کۆمەڵگا وەکوو پەیوەندی، کێشە و چارەسەریەکانی، ڕوویەکی سیاسیشی بە خۆوە گرتووە و ئێستاش بە هێزترین و جوانترین سەردەمی خۆی دەژی. گەلێکی زانیار، بۆ نەورۆز، کە جێژنی سەرکەوتنە لە بەرانبەر داگیرکەریدا، بە ڕێنیشاندەری ڕێبەر ئاپۆوە نەک تەنیا بوون بە خاوەن هێزی خۆپاراستن و پارتی، بەڵکو ئەمڕۆ بەرەی گەلان لە هەرێمەکەدا ئاوا ده‌کەن. بەرەێک لە هەموو ئایین، چین، نەتەوە، ڕەگەز و هەر تایبەتمەندیەک کە تا ئەمڕۆ جیاوازی ناوبەینیان کردبوو بە هۆکاری یەک کوشتن، خۆ کوشتن و کۆمکوژی. ئەگەرچی دوژمنانی، بە پێداگری لە بە کار هێنانی هەر چەشنە ڕێباز و ڕێگای داگیرکەری دەیانهەوێ ئەم گەلە بە سنوور بکەن، بەڵام ئەوان باشتر لە هەمیشە تێکۆشانی سەرخستنی دیپلۆماسی و سیاسەتی ئازاد بۆ پێکەوە ژیان، لە مەیدانەکانی نەورۆزدا بە ڕێوە دەبەن.

هەرچەندە هێرش و پێداگری بۆ کوشتن و لە ناوبردن، بە سەر گشتی کورستاندا، تەواوی هەرێمەکەی تووشی ژان و قەیرانی پێش تێکشکان دەکات، بەڵام میللەت لەم جۆگرافیایەدا، بێ هیچ شک و گومانێک پاڵی داوەتە پاڵی شەڕڤانەکانی ئەم سەردەمەی لە بەرخۆدانی ڕووناکی و بە سەدان ڕاستی و دەرفەتی ژیانەوە دەخۆڵقێنێت. گەلێک کە ڕوون بووەتەوە و ڕاستی خۆی و ئەو هێزەی وا لە ڕێخستن کردن و پاراستنیدا بە هەمو هێزیەوە چاو نەترسانە شەڕ دەکات بۆی گرینگ نییە دونیای دەسەڵاتدار چاوی گرتبێت و بێپەروا هێرشی لە سەر بکات. ئەو دونیای کۆمەڵگاکان بە شەڕی بەرخۆدانی خۆیەوە زیندوو دەکاتەوە و دونیای دژبەری بێکاریگەر دەکات. دونیایەک کە ئەمساڵ نەورۆزی بە هی خۆی زانی و لە شەخسی عەفرین دا خاوەنداری لە ویستی ئازادی خۆی کرد. ئەمساڵ هیوا بە سەرکەفتن زۆرترە و ساڵی لە پێشمان ڕووناکتر دیارە.    

مللەتێک کە لەگەڵ ڕاستیەکانی خۆیدا ژیا و لەگەڵ خۆی هێنای تا دوێنێ، ئەمڕۆ و دەیبات تا سبەینێیەکان، گەرەنتی سەرکەوتنە لە شەڕ لەگەڵ تاریکی و ئەستەم؛ کە هەمان نەزانی و سەر دانەواندنە لە بەرانبەر ئەوەی وەکو چارەنوس بە سەریدا دەسەپێندرێت. ئەم ساڵ گەلی کورد لە بەرانبەر هەر جۆرە سەرکووت کردن و زۆرداری سەردەستان بێدەنگ نەبوو. نەک تەنیا لە کوردستاندا بەڵکو لە تەواوی دونیا، لە ناو تەواوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا، ئەوەی وا نەختێ بڕوای بە ڕووناکی مابوو هاتە خرۆش و دەستیانی دایە دەستی تەنیایەکانی یەکترەوە. ئەم نەورۆزە، نەورۆزی سەرهەڵدان لەدژی داگیرکاریی و نەورۆزی سەرکەوتنە.