• نامووس

    4 نیسان, 2019

    (سارا مەهاباد)

     هەر رۆژ شاهیدی خۆکوشتن و کوشتنی ژنانین، بە تایبەت لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژ بە رۆژ کوشتن و خۆکوشی ژنان زۆرتر دەبێت. خۆکوشتنی ژنان سەرچاوەی خۆی لە زەخت و گوشاری بنەماڵە، توندوتیژی ناو کۆمەڵگا، نەبوونی ئابووری ژنان، فەقیری، دەرنەچوون لە مەکتەب یاخود زانکۆ و…هتد، دەگرێت. کوشتنی ژنان کە زۆرتر لە لایەن هاوژینەکەیان، باب یاخود برا، مام و خاڵ و خەشەویستەکەیانەوە دەکرێت؛ سەرچاوەکەیان زۆرتر لە چەمکی نامووس دەگرێت. ئەوەی کە ئەگەر ژن کارێکی بێدڵی ئەو تاکانەی ناومان بردن بکات، ئەوا ئەو کەسانە وەکو بێ ئابروویی و بێ نامووسی ناوی لێدەکەن. ئەگەر کچێک حەز لە کورێک بکات بێ نامووسییە. بەڵام ئەگەر کورێک خۆشەویستی کچی هەبێت بنەماڵەکەی شانازی پێوەدەکەن. لێرەدا ئەو پرسیارە دروست دەبێت کە ئایا چەمکی نامووس تەنیا بۆ رەگەزی پیاوە؟ ئایا ئەو نامووسەی کە ئەوان دەیڵێن، ژن نییەتی؟! ئایا ئەونامووسە هێندە بەهایە کە کەسێک بتوانێت بۆ ئەو دەستەواژەیە، قەتڵ بکات؟ ئایا ئەو چەمکە لە گیانی کچەکەت، هاوژینەکەت، خوشکەکەت و…هتد، بەهادارترە؟ ئەو چەمکە کە بەتایبەت لە ناو کۆمەڵگای کورد دا بەرجەستە بووە، ئێستا بۆتە پێوانەی نرخدانانی مرۆڤەکان، بووە بە هۆکاری ئەوەی کە ویژدان لەناو کۆمەڵگادا گەیشتووە بە رادەیەکی زۆر کەم و کوێرانە بڕیار دایین لەناو کۆمەڵگاو تاکەکاندا پێشکەوتووە. یەکێکی تر لە هۆکارەکانی کوشتنی ژنان، بێکاری یاخود حەقدەستی کەمی تاکەکانە بەتایبەت لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا. لە بابەتی تەرخانکردنی بژێوی ژیانی بنەماڵە لە لایەن سەرپەرشتی بنەماڵە دەبێتە هۆکاری تووڕەبوونی ئەو کەسە و توورەیی پێش چاوی دەگرێت و دەبێتە هۆکاری قەتڵ کردنی بنەماڵەکەی.

    ئایا چەمکی ناموسی حەقیقی بوونی هەیە؟

    بەڵێ بێگومان بوونی هەیە، نامووس واتا نیشتیمانەکەت بە تایبەت بۆ ئێمەی کوردان کە وڵاتەکەمان داگیر کراوە و کردویانە بە چوار پارچەوە. ئەگەر تۆ لە پێناو وڵات و نیشتیمانەکەتدا تێکۆشانت کرد و ژێردەستی و خزمەتی دوژمنت پەسەند نەکرد، ئەو کاتە تۆ کەسێکی بە نامووسی. چەندە پیاوان دایک و خوشک و هاوژینەکانیان بپارێزن، کاتێک وڵاتەکەیان ئازاد نەبێت، ناتوانن بڵێن خاوەن نامووسین. کاتێك وڵاتەکەت دەست درێژی لێبکرێت بێ گومان کەسانێک هەر هەن کە دەست درێژی خێزانەکەشت بکەن. ئەگەر وڵاتەکەت نەپارێزی چەندەش خێزانەکەت بپارێزی دیسان هەر لە مەترسی ناوبردنی ناموس دان. ئەم چەمکە، چەمکێکە کە دەوڵەت پێشی خستووە، ئەم چەمکە بۆ ئەوە پێشخراوە کە تۆ بیر لە نیشتمانەکەت نەکەیتەوە، تەنها خۆت بە بنەماڵەکەتەوە سەرقاڵ بکەی و چی بەسەر وڵاتەکەت بێنن تۆ نەیبینی و ئەگەر بشیبینی خۆت پەیوەندی داری ئەم بابەتانە نەکەیت. ئەو کاتە دەوڵەتیش دەتوانێت هەموو سیاسەتەکانی خۆی لەسەر وڵاتەکەت بەڕێوەببات. واتە بێ ناموست بکات.  

    ڕێبەر  ئۆجالان لە پەرتووکی عەشقی کورد بەم شێوەیە باس لە نامووس  دەکات و دەڵێت:" نامووس یان بێ نامووسی شتێکی زۆر سەیرە کە نەنکم بە کچەکەی گووتبوو:''ئەم کوڕەی تۆ بێ نامووس دەرچوو''. ئەگەر ئەمە بە ڕاستی رووینەدایە منیش بۆ ئێوەم باس نەدەکرد. ئەم گووتنە لە شێوەی گومانێکدا لە ناخمدا جێگیر بوو. لەو رۆژە بەدواوە هەوڵمدا لەسەر بنەمای بەهای مۆڕاڵی جیاوازتر بژیم. ئیدی تیر لە کەوان دەرچوو و ئەمە ڕوویدا، بەڵام گرنگ ئەوەیە درێژەی پێبدەین. بۆیە کار تەنها لە دەستپێکردنی ئەم پێکدادانە نەمایەوە. ناکۆکیە کۆمەڵایەتیەکانیشمان چارەسەر کرد. پاشان پەردەمان لەسەر کێشەی نەتەوەیی لادا و بە ویستی تێگەیشتنەوە بەرەو جیهانی ئایدۆلۆژیا و سیاسەت هەنگاومان نا. لە کەسایەتیشدا ئەم ئارەزووەمان ئافراند و گەلێک مەوداشمان بڕیوە، بەڵام سەرەتای کارەکە دیسان گرنگی خۆی ون ناکات و بۆ تیگەیشتن لەو پێشکەوتنانەی کە بەدوایدا هاتوون شیکردنەوەی سەرەتا زۆر گرنگە. بە تایبەتیش بۆ ئێوە گرنگیەکی زیاتری هەیە. چونکە من کەم تا زۆر ڕووەو چارەسەری پێم هەڵگرتووە. من لە نێوەندی خیزانێکی ناهاوسەنگ و ژیانێکی پڕ لە پێکداداندا گەورە بووم، کە نازانرێ پێی بگووترێت زۆر ڕووکەشی و بێ شیرازە بووە یان بگووترێت زۆر گرنگ بووە. ئەم شەڕانە نە لە شەڕی عەشیرەت نە لە شەڕی چینایەتی نە لە شەڕی نەتەوەیی دەچوو. ڕەنگە شەڕی مرۆڤێکی هەرە تێکشکاو بێت لە پێناو چەمکی نامووسدا. بێگومان دەکرێت لە پشت ئەم شەڕەوە ڕەواییەک ببینین. هەرچەندە ناوەرۆکێکی بەهێز و ئامانجێکی دیاریشی نەبێت، بەڵام ئەنجامەکەی گرنگە. چونکە لە پشت شەڕانگێزی هەمووتانەوە ئەمە هەیە و پێویستە شیبکەنەوە. من چل ساڵی تەمەنی خۆمم بۆ شیکردنەوەی شەڕانگێزیم تەرخان کرد، بەڵام ئیوە بەسەری دا باز دەدەن ، بۆیە نایبینن و پێشناکەون."

    ئەوەی کە دایەگەورەی ڕێبەر ئاپۆ وتویەتی کە کوری تۆ بێ نامووس دەرچوو'' بۆ ئەوە بووە کە ڕێبەر ئاپۆ داب و نەریتە باوەکانی بنەماڵەکەی پێشێل کردووە و بە پێی ئەوان بەڕێوە نەچووە. بنەماڵەکان داب و نەریتە باوەکانیشیان وەکو نامووس بەناو دەکەن. کاتێک ئەندامانی بنەماڵە پەیرەوی لەم داب و نەریتانە نەکەن ئەوان بە بێ نامووس لە قەڵەم دەدەن. ڕێبەر ئۆجالان باس لە شەڕانگێزبوونی خۆی دەکات، مەبەستی لە شەڕانگێز بوون ئەوە نییە کە تۆ لە ئەندامانی بنەماڵەکەت یاخود کەسانی تر بدەی مەبەستی لە شەڕانگێزبوون ئەوەیە کە ئەو داب و نەریتە باوانە شیبکەیتەوە و بۆ چارەسەریش ناکۆکیەکانت ڕونتر بکەیتەوە. کاتێک ئەوەت کرد ئەوکاتە خاڵی بەهێز و خاڵی لاوازی خۆت دەزانی و بەگوێرەی بەهێز کردنی خاڵە بەهێزەکانت،وەرچەرخانی خاڵە لاوازەکانت بۆ خاڵی بەهێز پێشدەکەویت، ئەگەر نا تۆ پێشناکەوی و لە جێگای خۆتدا دەمێنیتەوە.

     



    کژار