جوانا سنە

ئەو کۆمەڵگایەی کە نەتوانێ بە واتای ڕاست "هەبوون" پێناسە بکات ناتوانێ بە واتای ڕاستیش ژیان پێناسە بکات، دوالیزمی گەردوون راستیەکە کە ناتوانین نکولی لێ بکەین بەڵام ئەو ڕاستیە گەردونیە لە مرۆڤدا سنوردار کراوە. پێناسەی دوالیزم لە کۆمەڵگادا لە بەر ئەوەی کە لە سێبەری زیهنیەتی پیاوسالاریدا گەشەی کردووە تەنانەت پێکەوە بوونی پیاو و ژنێکە، ئەویش پیاوێکی دەسەلاتدار و ژنێکی کۆیلە، لەم دوالیزمەدا نکولی لە هەبوون دەکرێت، هەبوونی ژن وەکو خۆی، وەکو ژن، وەکو نیوەی کۆمەڵگا، وەکو کەسێک کە خۆی بۆ خۆی دەتوانی بژیەت، دەتوانێ بئافرێنێ، دەتوانێ شێوە بگرێت وشێوە بدات بە ژیان، بەڵام ئەو راستیانە نابینرێت تەنانەت ژنیش خۆ بە خۆ نایبینی، لە بەرئەوەی بە کۆیلە بوون و چەوسێنراوی شێوەی گرتوە و وەکوو قالب و تابۆیەکی لێ هاتووە. بۆ شکاندنی ئەم تابۆیە پێشەکی پێناسەکردن پێویستە کە جارێکی دیکە لە سێبەری فکر و ڕامانێکی ئازاد و دیموکراتیک دەستەواژەکان نوێ بکرێنەوە و ناوەرۆکیان بە ئازادی و یەکسانی و دادپەروری دابگیردرێت. لە سەرەتادا ئەوەی کە هەر کەس لە خۆی پرسیار بکات کە من کێم؟ بۆچی دەژیم و دەەمەوی چۆن ژیان بکەم؟ ئەگەر پرسیاری سەرەکی هەر مرۆڤێک سەبارەت بە خۆی بگۆڕدرێت ئەوا دیارە کە وەڵامەکان و لێگەرینەکانیش دەگۆڕێت... هەر مروڤێک گەر پرسیار لەخۆی بکات کە پێداویستیەکانی من، ژیان، یان خود داخوازەکانی من لە ژیان چیە؟ و ئەگەر بتوانێ خۆی بۆ خۆی وەڵامی بداتەوە ئەوە دەستپێکردنی ڕێگایەکە کە دەتگەیەنێتە سەرکەوتن.

 

 

وەک دەزانین لەم قۆناغەدا کۆمەڵگای ئێران و گەلانی ئێران لە ناو هەل ومەرجی پێکهێنانی داخوازیە ڕەواکانی خۆیان کە گۆڕانکاریە، لە ناو تێکۆشان و سەرهەڵدان-دان و دەیانەوێ دەنگێک کەە بە درێژایی دەسەڵاتدارێتی ئێران خنکێندراوە، جارێکی دیکە زیندوو بکەنەوە، ئەو داخوازیەی گەل بۆ گوڕانکاریە، بۆ گۆڕینی دەستەواژەکان و بۆ پێناسەیەکی ڕاستەقینەیە لە کۆمەڵگا، لە مافی گەلان، مافی ژنان، ئازادی و دموکراسیە. کۆمەڵگای ئێران موزاییکی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستە و لە بواری کەلتووری، باوەڕی، زمان و... دەوڵەمەندە بەڵام بەو دەوڵەمەندیە ناژی، لە بەرئەوەی نکولی لە ڕەنگەکانی دیکەی کۆمەڵگا دەکرێت، کۆمەڵگایەک کە لە ناخی خۆیدا نموونەی دموکراسی راستەقینە؛ بە یەک رەنگی، یەک زمانی و یەک مەزهەبی ناچار و مەحکوم دەکرێت. بۆیە ئەم قۆناغە کاتی سارێژ بوونی برینی کۆمەڵگای ئێران و دەربڕینی دەنگی داخوازیە ئازاد و دموکراتیکەکانیەتی، بەڵام لەم کاتە ناسکەدا گرنگترین بابەت کە هوشیارانە پێویستە بیبینین ئەوەیە کە دەوڵەتی ئێران پێناسە بۆ داخوازیەکانی گەل دانەتاشێت. پێناسەی ئازادی و دموکراسی بو گەلی ئێران تەنیا چارەسەری کێشەی ئابوری، یاخود مافی ژنان و داخوازی ژنان لە ئازادی، هەڵگرتنی چارشێو نیە. بەڵکو داخوازی بۆ گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی و بنچینەییە. وەک ڕێبەر ئاپۆ دەلی گەلۆ هەوڵدانی مەزنی ئاژەڵێک لە قەفەس دا بۆ ئازادی، ڕەوای سەرکۆنە کردنە؟ کاتێک کە چریکەی بولبولێک وەک سەمفۆنیایەک هەڵبژاردەیە، بێجگە لە ئازادی ئێمە دەتوانین ئەم ڕاستیە بە کامە تێگەیشتن، بەراورد بکەین؟ ئەگەر ئێمە هەر بەرەو پێشەوە بچین، گەلۆ هەموو دەنگ و ڕەنگی گەردون واتای ئازادی ناهێنینتە بیری مرۆڤەکان؟ تەواوی هەوڵدانی ژنان، بێجگە لە لێگەڕینی ئەوان بە دوای ئازادیدا، دەتوانرێت بە کامە وشە پێناسەی بۆ بکرێت؟ لەڕاستیدا مرۆڤ ئەگەر خاوەن تێگەیشتن بێت، دەتوانێت بژیەت. مرۆڤ دەژیەت بۆ تێگەیشتن. ئەوەی کە ژیان دەسووڕێنێت حەقیقەتە. لەو شوێنەی کە واتادان نەبێت، ژیان واتای نییە. بۆ وێنە ئسپینۆزا گوتوویەتی: تێگەیشتن واتا ئازادی و جیا لەوە باوەڕ ناکەم ئازادیەک هەبوونی هەبێت.

 

لێگەرین بۆ ژیانێکی ئازاد ئەرکی هەموو کەسێکە، بە تایبەت لە کۆمەلگایەکدا کە هەبوونی ژنان ون بووە، ئەرکی سەرەکی ژنان لێگەرین و تیکۆشان بۆ گەیشتن بە خۆیانە. ئەگەر ژن لە ئێران بە هەلواسین و دەرخستنی چارشێو یەکەم هەنگاوی خۆی بۆ ئازادی تاکە کەس هەلدەگرێت، ئەوا لە عفرین هەر ئەو ژنە بە ئیرادەیەکی قولتر بە سەر دوژمن دا ئەدات و بۆ ئازادی هەموو کۆمەڵگا شەڕ دەکات، لە بەرئەوەی هەر چەندە مرۆڤ زاناتر بێت زۆرتر جیاوازیەکان دەبینێت و هەر چەندەش جیاوازیەکان دەبینێت، ئەوەندەش زانا دەبێت... بۆیە هێزی هەرە سەرکی ژنان لە ئافراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دموکراتیکدایە، چونکە سروشت و راستینەی ژن بۆ خۆی وەهایە. ئەگەر دەبینین دوژمن وەک ئامانجێک شەرێکی تایبەت لە سەر کۆمەلگا بەڕێوە دەبات، ئەوا بە شێوازی هەرە ناشرین و دڕندانە نزیکایەتی لەگەڵ شەڕوانانی ژن دەکات، چونکە دەزانی ناسنامەی ئازادی کۆمەڵگا ئەو ژنەیە کە خۆی گەیاندۆتە لووتکە. بۆیە دەیەوێ بە پەلاماردان و بێ ێێزی کردن بە جەستەی تێکۆشەران و لێگەڕانی ئازادی، جارێکی دیکە ئیرادەی گەل بشکینێ، بەڵام با باش بزانێ کە مێژوی ئازادی و تێکۆشانی گەلی کورد پرە لە ئارینان، ئاڤێستایان، شیرینان، بارینان، ئەکینەکان وئێمە دەمرین بۆ ژیان، ناژین بۆ مردن و ئەم ڕۆحەیە کە بۆ گەلی کورد هێزی ئەژنویە وپێیەوە بەرخۆدان ئەکات و لە پێناو گەیشتن بە ئازادی بەرخۆدانی دەکات. لەبەر ئەوەی ئازادی بابەتێکی فکری و ڕۆحیە ناکرێت بگۆڕدرێت بۆ بابەتی بەحس و گفتوگۆ. پێویستە مرۆڤ بە هەستەکانی خۆی پێناسەیەکی بۆ خۆی هەبێت و لە سەر فکر و ڕامانی خۆی حاکم بێ و بە داخوازی چۆن بژیم، بژیەت، لەڕاستیدا ئازادی ئەوەیە. بۆیە ڕۆحی فیداییش بۆ گەیشتن بە ئازادی، مژارێکە ناکەوێتە چوارچێوەی گفتوگۆ.

 

 

هەتا سرووشتی ژن لە ناو تارماییدا بمێنێت بێگومان تەواوی سرووشتی کۆمەڵگاش لە تاریکیدا دەمێنێت. ڕوناکی ڕاستەقینە و بەربڵاوی کۆمەڵگا ئەو کاتە مسۆگەر دەبێت کە ڕووناکی ڕاستەقینە وبەربڵاو لە جەوهەری ژن دا خۆی بنوێنێت. تارماییەکانی کۆمەڵگای کورد لە کەساییەتی ئاڤێستا و بارین وئارین دا رێگای روناکی خۆیان ئەبینن.