وەرگیردراوە لە: مانەفێستۆی شارستانی دیموکراتیك کێشەی کورد و چارەسەری نەتەوەی دیموکراتیك

عەبدوڵڵا ئۆجەلان

 

وەک وڵات ئێران رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پێکهاتن و گەشە سەندنی ناسنامەی کورددا، لێک نزیکی زمان و کولتووری نێوان کورد و فارسەکان جێگایەکی گرنگ لەو پێکهاتنەدا دەگرێت.ناوی ئێران سەرچاوەی خۆی لە دەستەواژەی ئاریان وەردەگرێت کە وەکوو ریشەکەی بۆ کۆمەڵگای نێئۆلێتیک (چاخی بەردینی نوێ) درێژ دەبێتەوە: مانای "وڵاتی جڤاتە ئاریانییەکان" دەبەخشێت.هەرچی جڤاتەکانی ئاریانە، جڤاتی کلان و هۆزە جووتیار وشوانکارەکانە کە شۆڕشی نیۆلیتیکیان ئەنجام داوە. ئەوانە یەکەمین گروپن کە وەک کوردە یەکەمینەکان لە بواری کولتووریدا هاتنە سەر شانۆی مێژوو. لە بنەڕەتدا دەستەواژەی ئاری بە ئامانجی پێناسەکردنی ئەو گروپانە بە کار دەهێنرێت. مانایەکی ئەرد(عەرد) = خاک، ماناکەی تری ئار= ئاگر، بە هەر دوو ماناش گوزارشت لە هەمان راستی دەکات.

لە بنارەکانی شاخی زاگرۆس، زستانان ئاگر، هاوینانیش کشتوکاڵ فاکتەرە  سەرەکییەکانی ژیانن. شارستانییەکانی سۆمەر و ئێران بەرهەمی کلتووری کۆمەڵایەتی ئاگر، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بنارەکانی چیای زاگرۆسن.

یەکەمین ناسنامەی قەومیش لە سەردەمی کۆنفێدراسیۆنی میدیا بە ڕێبەرایەتی کاهینەکانی زەردەشت هەڵمەتێکی گرنگی ئەنجامداوە و قۆناخێکی ئەو ناسنامەی بڕیوە.سەبارەت بە ناسنامەی کورد، مادەکان(میدیاییەکان) خاوەنی ناسنامەی یەکەمی باپیرە ناسراوەکانی مێژووی نووسراوی قەومی کوردن. ناسنامەی پارسیش سەبارەت بە بوونی خۆی لە بنەڕەتدا قەرزاری مادەکانە. مادەکان بە لایەنی کەمەوە هێندەی سومەرییەکان ڕۆڵیان لە قۆناخ بڕین و قەڵەمبازی سیستەمی شارستانییەتی ناوەندیدا هەبووە. ئەوە کولتووری میدیایە کە بناخەی شارستانییەکانی پارس،ئێژە، هێلین و ڕۆمای داناوە و دەرفەتی بۆ ڕەخساندوون.

ئێرانی شێعە بە شێووەیەکی ئاشکرا لەسەر بنەمای بوونی ڕێککەوتنی بوونی قەومی کورد، فارس و تورکمان لە بەرامبەر ئیسلامی سوننی دەسەڵاتگەرا ئاوا کراوە. کوردێکی خاوەن ئوجاخ (ئاتەشگا) کە ناوی شێخ سەفییەددینی ئەردەبیلییە بناخەی مەزهەبی یەکەمین خانەدانی شیعەی سەفەویەکانی داناوە.خانەدانە تورکمانەکان زۆربەیان شێعە بوون و دژی خانەدانی عوسمانی تورکی سوننی مەزهەب بوون. ئەوانیش لە تووشبوون بە نەخۆشی دەسەڵات ڕزگاریان نەبووە. لە کۆنفێدراسیۆنێکی سیاسیەوە کە نەریتی دێمۆکراتییانەی لە پێش بوو، بۆ سیستەمێکی دەوڵەت وەرچەرخان کە لایەنی برۆکراتی ناوەندی لە پێش بوو.

ئیتر شێعەگەریش بوو بە بەشێکی ئایدیۆلۆژیای فەرمی دەسەڵات، هەرچەندە لە هەندێک بواردا تا ئێستاش نەریتی ئانتی- دەسەڵاتگەرایی زیندووە.بەڵام ئیسلامی شێعەش وەک ئیسلامی سوننی دەسەڵاتگەرا و دەوڵەتگەرایە.بەشی زۆری کوردی ئێران بە شێوەیەکی سەیر لە میانی نەریتێکی ئیسلامی سوننی دوور لە بیر وشکی  بەرامبەر دەسەڵاتەکانی شێعەگەرایی نوێنەرایەتی ئۆپۆزسیۆنی دێمۆکراسیخواز دەکەن، لەو سۆنگەیەوە، نوێنەرایەتی ڕاستی دەکەن.

کوردایەتی هاوچەرخی ئێران لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمەوە لە بەرامبەر دەسەڵاتی شێعەگەری هەوڵی شێوەگرتنی داوە. سەرهەڵدانی ساڵانی بیستەکانی سمکۆ و ئەزموونی کۆماری کوردستان لە مهاباد ١٩٤٦ گوزارە لەو ڕاستییە دەکەن.هەرە دوایی ئەو ڕاستی و نەریتەی بەرخۆدان بە هەڵوێستی بەرەنگاربوونەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ( بە ڕێبەرایەتی خومەینی دەسەڵاتی زۆرداری ئێران) دیسان خۆی سەلماندووە. کولتوورە  ئیسلامییە دەسەڵاتگەراکان جا ئەوە سوننیگەرایی بێت یان شێعەگەرایی وەک پۆشاکێکی قیزەون و ناشایستە بە سەر کوردانەوە دیارە کە بە زۆرە ملێیانە بە باڵایاندا پۆشیون. هەرکات کوردان دەرفەت و هەلی ئازادییان دۆزییەوە ئەو پۆشاکە قێزەونانە فڕێ دەدەن و پۆشاکی کولتووری ڕاستەقینەی خۆیان دەپۆشن.

ڕێککەوتننامەی قەسری شیرینی ١٦٣٩ کە لە نێوان سەفەوی و عوسمانییەکان ئیمزا کرا لە دابڕاندنی کوردانی ئێران لە یەکپارچەیی کوردان و کوردستان ڕۆڵێکی گەورەی هەیە. ئەو ڕێککەوتنە مانای دابڕینی کوردی زاگرۆسە لە یەکیەتی و یەکپارچەیی کورد. کوردی ئێران ڕۆڵی خانەی بنەڕەتی ناسنامەی کوردیان دەبینی. نوێنەری ڕاستەقینەی نەریتی زەردەشتی بوون. پێگەی ئیسلامییان لە بەرامبەر دەسەڵاتە شێعەگەراکان دێمۆکراتییانەترە.هاوشێوەی خەباتی خۆبەڕێوەبردنی دێمۆکراتییانەی کوردە عەلەویەکانی باکوری کوردستان بەرامبەر نەریتی دەسەڵاتی سوننی ، بە شێوەیەکی سەرەکی  کوردە سوننیەکانی خۆرهەڵاتیش بەرامبەر دەسەڵاتی شێعە ئەنجامی دەدەن.

لە کاتێکدا خەسڵەتی قەومی فارس و ئازەریەکان لە ناو کولتووری شێعەدا لاوازتر دەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کورد بەرهەڵستکاری کولتووری شێعەن، زۆربەی زۆری خەسڵەتە قەومییەکانی خۆیان پاراستووە. لە بەرامبەر ئەوەشدا کوردە شێعە و لۆڕەکان( یەکێکن لە کۆنترین لقی کولتووری کوردان)  تایبەتمەندییە قەومییەکانیان لاواز بووە  و توانەوەی خێرایان لە ناو کولتووری شێعەدا جێگای باسە.هەروەها کوردانی خۆراسانیش کە ژمارەیەکی بەرچاوی کوردان پێک دێنن کرمانجی شێعەن؛ وێڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ئاسیمیلەکردنیان  و بێکاریگەرکردنیان لە بواری سیاسیدا، بەڵام پێداگرییان لەسەر پاراستنی ناسنامە و کولتووری خۆیان کردوە. 

ئەو بەرخۆدانەی لە ساڵی ١٨٠٦ بە ڕێبەرایەتی بابانییەکان دەستی پێکرد و تا ڕۆژی ئەمڕۆشمان بەردەوامە، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پێکهاتنی ناسنامەی هاوچەرخی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان هەبوو. ئەو سەرهەڵدانانەی لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەم ڕوویاندا  کاریگەرییەکەیان گشتییە. بزاوتەکانی بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەندی کە ئامانجیان لەناو بردنی دەسەڵاتی خێڵ و میرنشینەکان بوو، وێڕای ئەوەی دەسەڵاتە بەکرێگیراوە باوەکانیان لەناو برد، بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆی بۆ سەر کولتووری کۆمەڵگا نەبوو. جۆرێکی کوردایەتی دەسەڵات لەناو برا، بەڵام هەرچی کوردایەتی کۆمەڵگایە بە قۆناغێکی نوێتر گەشت. بەرخۆدانەکانیش زیاتر بە ئامانجی بەدەستهێنانەوەی دەسەڵاتی لەدەست دراو ئەنجام دراون. ئامانجیان دوور بووە لە پاراستنی  بوونی نەتەوەیی کورد و پەرەپێدانی.

شەڕ و پێکدادانی ئۆتۆنۆمییە نادێمۆکراتیکەکان بە هۆی پێکهاتەی چینایەتی پێشەنگەکانیانەوە، زۆربەیان بە شکست کۆتاییان هاتووە، ئەوەش کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر بوونی نەتەوەی کورد و ئازادییەکەی دروست کردووە. هەر شکستێک ڕێگای بۆ کۆمەڵکوژی خۆشتر کردووە، هەر کۆمەڵکوژییەکیش هەنگاوێک زیاتر ژینۆسایدی کولتووری بەرەو پێشەوە بردووە. بزووتنەوەکانی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری ١٨٧٨، سمکۆی ١٩٢٠ و قازی محەممەد ١٩٤٥- ١٩٤٦ لە خۆرهەڵاتی کوردستان ڕێگای لە پێش ئەنجامێکی هاوشێوە کردۆتەوە. 

ئەزموونی کۆماری کوردستان لە مەهاباد کە قازی محەممەد ڕێبەرایەتی کرد، وێڕای خەسڵەتی مۆدێڕن و جەماوەریبوونی، بەڵام لە دووبارە کردنەوەی چارەنووسی سەرهەڵدانەکانی دیکە ڕزگاری نەبووە. ئەو ڕێککەوتنەی لە ساڵی ١٩٣٧ بە ناوی پەیمانی سەعدئاباد لە نێوان فاشیزمی تورکی سپی و فاشیزمی ڕەزاشای پەهلەویدا ئیمزآ کراوە، لە ناوەرۆکدا شێوەی هاوچەرخی ڕێککەوتننامەی قەسری شیرین بوو. ئامانجی قوڵکردنەوەی دۆخی پارچەبوونی کورد و لە ناوبردنی بزووتنەوەی ئازادی بوو. لە ڕۆژی ئەمڕۆشماندا چەندین ڕێککەوتنی نهێنی لە نێوان دەسەڵاتی فاشیزمی سەوزی تورکیا و دەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامگەرایی ئێراندا دژی تێکۆشانی پاراستنی نەتەوەیی کوردستان و بەدەستهێنانی ئازادی لە ئارادایە و پەیڕەو دەکرێت.

لێرەدا بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا دەرکەوت کە بە سیفەتی ڕاستینەی نەتەوایەتی لە سەردەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریدا، کوردایەتی زەبرێکی کوشندەی بەرکەوتووە.حیساب و لێکدانەوەکانی ئەندامە سەرەکییەکانی سیستەمی هەژموونگەرایی (ئینگلترا، ئەمریکا، ئەڵمانیا ...هتد) یان ئەندامە بەکرێگیراوەکانیان( ڕژیمە فاشیستە سپیەکانی ناوچەکە، سەرمایەداری کۆمپرادۆر و پیشەسازی خڵتە کە وێرانکاری ژینگەیە) لەسەر دابەشکردنی کوردستان، مانەوەی لە دۆخی پارچەکراوی، بە تەواوی ئاسیمیلە کردنی بوونی نەتەوەی کورد و ژینۆسایدکردنی یاخود لەمیانی ئەو پەیڕەوانەی کە تەواوکەریانن، واتە لە ڕێگەی پێکهاتەکانی کوردایەتی ساختەوە بیخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە.

ئەگەر ئەو لێکدانەوانەیان بە شێوەیەکی ڕاست و دروست بە گوێرەی ئارەزووەکانیان جێبەجێ بێت، نە کوردستان و نە بوونی نەتەوەیی کورد، هیچ یەکێکیان لە ئارادا نامێنن. ڕۆڵی فاکتەرە بەکرێگیراوەکانیش کە سیستەمئ هەژموونگەرایی لە گشت پارچەکانی کوردستان ئاوای کردوون و کوردایەتییەکی ساختە وگومڕا وەک دەمامک بە کار دەهێنن، لە بنەڕەتدا ڕەوا کردنئی ژینۆسایدی کولتووری کوردە کە لە ڕێگای ئاسیمییلاسیۆنەوە لە ماوەیەکی درێژخایەندا جێبەجێ دەکرێت.

لە ڕەوشێکی بەمجۆرەدا دەردەکەوێت کە ڕاستینەی نەتەوەیی کوردی هاوچەرخ  لە میانی دوو مەیلی پێچەوانەی یەکترەوە هەوڵی بەدەستهێنان و ئازادکردنی بوونی خۆیان دەدەن. یەکەمیان مەیلی لەناوبردنە، کە لە میانی کردەوەکانی دەستبەسەرداگرتن، داگیرکردن، ڕاگواستن، سەرکوتکردن، ئاسیمیلاسیۆن و ژینۆسایدکردنی زادەی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری لە ژێر ستاتۆیەکی خراپتر لە کۆلۆنی هەوڵی لەناوبردن، بێ ناوەرۆک کردنی نەتەوە و ڕێگریکردن لە گەیشتن بە کۆمەڵگایەوکی نەتەوەیی ئازاد دەکرێت.

مەیلی دووەم، مەیلی ژیاندنەوەی بوونی نەتەوەی کورد و درێژەپێدانییەتی بەرامبەر بە مەیلی یەکەم: یان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی یان بە شێوەیەکی هۆشیار، ڕێکخراو و کردەیی بەڕێوە دەبرێت و لە میانی ئەو بوونەوە یەکیەتی و ئازادکردنی تەواوی بەشەکانی و بونیادنانی کۆمەڵگای نەتەوەیی کوردی ئازاد بە بنەما دەگرێت.

ئەو تێکۆشانەی هێزەکانی ئازادی و دێمۆکراسی لە ڕێگای ستراتیژی و تەکتیکی تێر و تەسەلەوە ئەنجامی دەدەن، یەکلاکەرەوە دەبێت کە تامردن بەرخۆدان بە بنەما دەگرێت و دووسەدساڵە ئەو پرۆسە هاوچەرخە لە ژێر ناوی تێکۆشانی پاراستنی بوونی نەتەوەیی و بەدەستهێنانی ئازادی بەردەوامە و لە بوارەکانی ئایدیۆلۆژی، سەربازی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و دیپلۆماسییەوە بەڕێوە دەچێت.