عەبدوڵا ئۆجالان. کتێبی عەشقی کورد

ئەم راستییە لە لای ئێمە لە ناسنامەی ژن و کەسایەتی ئەودا بەرجەستە بووە و ڕوون بۆتەوە.، کە لایەنە هەرە گرنگەکانی ئەم ژنە زەبر وەشێن، دژوار، جوان، سەرنج ڕاکێش و بێ قسورە. ئەمە تا ڕادەیەک لە لای سەرۆکایەتی بەدیهێنراوە.

پێویستە گەورەیی دەستبەر بکرێت. نهێنی گۆڕانی کەسایەتی کورد ئەوەیە کە لایەنی سێکسی خۆی وەرچەرخێنێت. ژن خۆی لە خۆیدا خنکێنراوەو ناتوانێت بانگەشەیەکی سێکسی ئەوتۆی هەبێت مەگەر خۆی بفرۆشێت، هەرچی پیاویشە خۆ بەکاربردنی بەم شێوەیە شتێکە کە هەرگیز ناکرێت لێی ببورێت.

گەورەترین پێشکەوتنی بەرجەستەکراو لە ڕاستی سەرۆکایەتیدا لەم بارەیەوەیە. بە ئەندازەی لغاو بەستکردنی هەڵوێستی کلاسیک لە ڕەمەکی سێکسی و زایەندێتیدا، توانای باڵاکردن و گواستنەوەی ئەم باڵاییەمان بۆ ناو سیاسەت پەیدا کردووە. ئەمە پێشکەوتنێکی گەورەیە. وەک دەگوترێت:''گرەو بردنەوەیە لە چارەڕەشی'' چارەڕەشی بە وەرچەرخاندنێکی بەم جۆرەی کەسایەتی تێپەڕ دەکرێت. هەڵبەتە ئەمە کارێکی زۆر زەحمەتە، بەڵام وەک چۆن پەیوەندییەکانی ئێوە بۆ بەکاربردنتان لە هەموو ڕوویەکەوە وا کاریگەرە.

بۆ نمونە سەرۆکایەتی تا دواڕادە ڕێکخەر، سیاسەتمەدار، سەرنج ڕاکێش، مەزنکار و بانگەوازکارە بۆ چالاکی. بۆچی هیچ ژنێک گەر هێندەی سەری دەرزیەکیش لێمەوە نزیک بووبێت منی بەرەو بەکاربردن بردووە؟ بە زیلانیشەوە ئەو ژنانەی لە من نزیک دەبنەوە هەرە ڕووکەشەکەیان گەورەترین فیداییە. دوای دەرکەوتنی ئەویش -هەڤاڵ زیلان- ئیدی  ئەمە تەواو بۆتە ڕاستیەک. ئەگەر بێتو هەمووتان لە بەرامبەریدا ڕاستگۆ بن ئەوا جۆرە کەسایەتیەکتان لێدەرەچێت کە دەتوانێت جیهان ڕاپەڕێنێت. زۆر جار بیری لێدەکەمەوە خۆی لە خۆیدا ئاستی تێگەیشتنتان و زاڵ بوونتان بە سەرخۆتاندا زۆر لاوازە و کەسایەتیتان کەسایەتیەکی شکستخواردووە، ئەگەر وەک ئەوەی کە خۆتان دەیڵێن سەربەستتان بکەین کەس نازانێت چی بەسەر یەک دێنن.

پیاو بە تەواوەتی لە ژێر کاریگەری داب و نەریتە کۆنەکانیدا دەڵێت:''هەر دەبێت ببێت بە ژنم، هەر دەبێت بۆخۆم بێت و موڵکم بێت'' و ئەمەش بە نامووس و تێگەیشتن لە نامووس دەزانێت. پیاو بە کولتوور و ناسنامە و کەسایەتییەوە بۆ شتێکی لەمە زیاتر دەست نادات. بۆ نمونە لە لای من شتێکی وەها بوونی نییە. هەڵوێست و نزیکایەتیەکی بەم جۆرە لە دایکمەوە بیگرە تا هەموو ژنانی تر هی کێ دەبێت با ببێت هەڵیدەوەشێنمەوە. بۆچی؟ چونکە ژن کە خۆی وەک موڵکێک پێشکەش کرد ئیدی کۆتایی پێ دێت. بۆیە لەوێدا دەبێت ڕەت بکرێتەوە و هەڵبوەشێنرێتەوە.

 سەرنج بدەن ئەم هەڵوێستانەمان رەوتی هەموو ژنێک بەرەو سیاسەتمەداری، جوانی، چالاکگەری و ڕێکخراوەیی دەبات. کەم تا زۆر پەیوەندی بەستن لەگەڵ کەسایەتی سەرۆکایەتی بە بەدەستهێنانی ناسنامەیەکی وەها لە مێشک و ڕۆحدا مەیسەر دەبێت و بەدەر لەمە ئەم سەرۆکایەتییە رێگا بە هیچ شتێکی تر نادات. کەسایەتی دامەزرێنراو و بە دەزگا بووی ئەو ئەمەیە و ئەمەش لە پێناو تێرکردنی ئارەزووە هەرزانەکانی خۆیدا ناکات. سەرۆکایەتی وەک دەروێشێک شەڕی نەفسیش دەکات. سەرۆکایەتی دینامیکیە و تەنها بە خۆڕاهێنانێکی پەتی ئەمەی نەکردووە. ئەمە شەڕە، شەڕێکی جوان کە ئەنجامی هەیە. ئەگەر بیر لەخۆتان بکەنەوە دەبینن کە ڕەهەندەکانتان بە تەسکی ماونەتەوە، نەتان توانیەوە لەسەر بنەمایەکی ڕاست خۆشەویستی کەسێک بۆخۆتان یان بوونتان بە خۆشەویستی ئەو ڕیک بخەن. من هەروا لە هیچ و خۆڕایی پێتان ناڵەم لێتان دەترسم. چەند نمونە پەیوەندیەک ڕوویان دابێت، هەموویان هەڕەشە لە ژیانی پارتی دەکەن و شەڕ بەجێدەهێڵن. جیا لەمەش زۆر ئاسان خۆتان لەناودەبەن. ئەمە عەشق نییە بەڵکو کارەساتە و نەخۆشیەکە، لەبەر بێ هێزیتانە کە وەهایە. ئەگەر نا من ناڵێم کەسانی نیاز خراپن، کەسایەتیتان وەها بونیادنراوە کە ناتوانێت خوڵقکار بێت. ئێمە ئەمە بە چارەنووسێک نازانین و هەر چارەیەکی بۆ دەبینینەوە.

گوتمان کە چارەسەریەکەشی زیلانە، واتا ویستی چالاکی گەورە و ژیانی گەورە و عەشقی گەورە...

هێشتا ئەمەی هەیە بە سەرەتایەك لە قەڵەم دەدەین. بۆمان بکرێت تەواوی ژنان و پیاوانی ناو ڕاستی کۆمەڵگاکەمان بەم جۆرە سەرلەنوێ بونیاد دەنێینەوە و شێوەگرتنی کەسایەتیان دەگۆڕین. ئازادی گەلانیش هەر بەم ڕەنگە بەدیدێت، لە مێژووی هەموو گەلێکدا بەهای وەرچەرخێنەری وەک ئەمانە هەیە. ئێمەش هەوڵماندا بە شێوەیەکی هاوڕێژە لەگەڵ هێزی خۆماندا ئەمە بکەین. ئەمە ڕەنجێکەو دراوە هێشتا نەگەیشتۆتە قۆناخی سەرکەوتنێکی تەواوەتی و بە دەزگابوونێکی کۆمەڵایەتی. ئەگەر کارێکم ئەنجام دابێت ئەوە بووە کە هێندەی ڕووخاندنی پێوانە کۆنەکان، ڕێگام بۆ بەهاکانی ژیانێکی باشتر و پێشکەوتوو خۆش کردووە. لەو بڕوایەدام کە لەم بارەیەوە زۆر هەڵەمان نەکردووە. لە هەمووشی گرنگتر بە ئەندازەیەک ڕێگامان بۆ پێشکەوتن خۆش کردووە، کە هەموو کەسێک بتوانێت سوودی لێوەربگرێت. بەڵام لاوازی تێگەیشتنتان لەمە ڕق و کینمان لەلا دروست دەکات. هێندێک کەس هەن تەنها دەزانن لەسەر ئەم زەمینانە کۆشک ئاوا بکەن. بە شێوەیەکی زراڤ (وردبینانە) درێژە بە خۆپەرەستی خۆیان دەدەن و بێنەو بەردەی هەڵە لەسەر ئەم زەمینانە دەکەن. بە دڵنیاییەوە دەبێت بەلێزانییەوە دوورکەونەوە لەمانە، ئەگەر نا هەرگیز بە دوور نابن لە کەوتنە رەوشێکی خراپەوە. ئەمەش بە ئەندازەی شەڕ، مەردبوون یان جوامێرییەکی دەوێت و ڕێگاش لە بەردەمیدا کراوەیە. با ڕێگای لێنەگرین ئەمە پێشکەوتنێکە بە پەلەپەل و سەردەستی کردن بەدینایەت. هێندێک کەس لەم ساڵانەی دواییدا تیۆری ئەوە دەکەن کە گوایە:''کێ بەهێزە ئەوا ژن لایەنگری ئەوە یان بە واتایەکی تر داخوازەکانی ئەو پێکدەهێنێت''  بە دڵنیایەوە ئەمە هەڵەیە و پێویستە تێپەڕ بکرێت.

تەنانەت خاڵێکی تر کە من باسم کردووە ئەوە بووە کە:'' هەمیشە عەشقم لەو قۆناخانەی ژیانمدا پێ واتادار بووە کە بێ هێز بووم'' لەو قۆناخانەشدا کە بەهێز بووم ژن و عەشق بۆ من زۆر مایەی پێشخستن نەبوون.

وەکو لەم نوسراوەی سەرەوە دا کە ڕێبەر ئۆجالان باس لە عەشقی ڕاستەقینە دەکات و دەڵێت عەشقی ڕاستەقینە بوێر، هۆشمەند و سەرنج ڕاکێشە، زەبر وەشێن و ئەنجامگیرە...

هەربۆیە دەبێت وەها تێبگەین کە مەبەست لە عەشق تەنیا عەشقی نێوان دوو ڕەگەز نییە، عەشق بۆ هەر شتێک مەبەستە. مەبەست لە بوێر بوون ئەوە نییە کە تۆ لەبن ناوی عەشقی نێوان خۆت و ڕەگەزی تر و بوێرتی خۆت بەسەریدا بسەپێنیت و چی بتهەوێت بۆتی بکات، یاخود ئەگەریش چیت ویست بۆتی نەکرد لەبن ناوی نامووسی خۆت و سەلماندنی بوێر بوونت لێی بدەیت  یاخود بیکوژیت، پاشانیش شانازی بەمەوە بکەی و بڵێیت کە من بەهێز و بوێرم. هەروەها مەبەست لە هۆشمەندی زانینی عەشقی ڕاستەقینە و پێوانە مرۆڤایەتی و هەڵسوکەوتەی مرۆڤیانەیە. ئەگەر تۆ بە شێوازێکی ڕاست نزیکی ئەم دوو پێوانە بوویتەوە ئەوکاتە عەشقی تۆ سەرنج ڕاکێش دەبێت، ئەگەر نا تۆ کەسێک بکوژیت و شانازی بەم کردەوەیەت بکەی سەرنجی جەماوەر بۆ لایەنی خراپ بوونت ڕادەکێشیت.

ناتوانین ئەو عەشقەی کە لەناو کۆمەڵگادا هەیە کە لەلایەن مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە لەسەر بنەمای رەمەکی سێکسییەوە پێشدەخرێت، بە عەشقی ڕاستەقینە لەقەڵەم بدەین، چونکە کاتێک لە کۆمەڵگایەکدا رەمەکی سێکسی پێش دەکەوێت ئەو کۆمەڵگایە بێجگە لە رەمەکەکەی ناتوانێت بیر لە شتێکی تر بکاتەوە، ئەمەش یەکێکە لە سیاسەتەکانی دەوڵەتە سەرمایەدارەکان، کە بۆ ئەوەی چاوی کۆمەڵگا لەبەرامبەر قەیرانە ناوخۆیەکان بگرن. رەمەکی سێکسی دەخاتە پێش تاوەکو کۆمەڵگا سەرقاڵی رەمەکەکانیان بن و ئەوانیش سیاسەتەکانی خۆیان وێڕای هەموو قەیرانەکان بەڕێوە ببەن.

بۆ ئەوەی ئەم سیاسەتانە هەڵوەشێنین و ڕێگایان پێ نەدەین، پێویستە کۆمەڵگا ئاستی زانیاری واتا هۆشمەندی خۆی بگەیێنیتە لوتکە. بۆ گەیشتن لەم حەقیقەتە کۆمەڵگاکەمان پێویستی بە بناماکانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان هەیە کە ئەوانیش دەبێت لە سەر ئەساسی ڕوانگەی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک، ئێکۆلۆژیک واتە (ژینگەپارێزی) و ئازادیخوازی ژن بەدیدەهێنرێت. ئەو کۆمەڵگایەش نموونەی کۆمەڵگای سەردەمیانەی سیتەمی کۆنفیدڕالیزمی دیمووکراتیک و زهنیەتی نەتەوەی دیمووکراتیکە.

 ئەم جۆرە کۆمەڵگایە پرۆژەیەی ڕێبەری گەلانی ئازادیخواز ڕێبەر ئاپۆیە کە پێشکەشی کۆمەڵگای کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی کردووە. ئێمەش دەتوانین بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرەنەکانی کۆمەڵگاکەمان کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکرات پێشنیار بکەین، لەناو هەوڵداندا بین بۆ بونیادنانی ژیانێکی نوێ.