دڵخواز له‌ گه‌ڵ

كلتوور و هونه‌ر1398/2/12

له‌ داوێنی کۆسالان بوو، که‌ یه‌که‌م گرووپی گه‌ریلامان پێگه‌یشت. که‌ لێیانم ده‌ڕوانی نه‌مده‌زانی چ هه‌ستێک بوو له قووڵایی دڵه‌وه‌ ده‌یهه‌ژاندم. بڕوا و ئازایه‌تی، وره‌ی به‌رزی ئه‌م کچ و کوڕه‌ شۆرشگێرانه‌ حاڵ و وه‌زعی منی گۆڕیبوو. بیرم له‌م وڵاته‌ ده‌کرده‌وه‌، له‌م نیشتمانه‌ خۆبایی و خۆپه‌ره‌سته‌، له‌مێژه‌ په‌یمان و سۆزێکی خوێناوی له‌گه‌ڵ رۆڵه‌کانی خۆی به‌ستووه‌ که‌ باشترین و جوانترینیان هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی لاوێتی دا له‌ دڵی خۆی بشارێته‌وه‌. چه‌نده‌ له‌خۆبایی و سه‌رکه‌شه‌، هه‌میشه‌ باشترینه‌کانی بۆ خۆی ده‌وێت.

ڕێبین مانا(فەرزاد کەمانگەر)

له‌ داوێنی کۆسالان بوو، که‌ یه‌که‌م گرووپی گه‌ریلامان پێگه‌یشت. که‌ لێیانم ده‌ڕوانی نه‌مده‌زانی چ هه‌ستێک بوو له قووڵایی دڵه‌وه‌ ده‌یهه‌ژاندم. بڕوا و ئازایه‌تی، وره‌ی به‌رزی ئه‌م کچ و کوڕه‌ شۆرشگێرانه‌ حاڵ و وه‌زعی منی گۆڕیبوو. بیرم له‌م وڵاته‌ ده‌کرده‌وه‌، له‌م نیشتمانه‌ خۆبایی و خۆپه‌ره‌سته‌، له‌مێژه‌ په‌یمان و سۆزێکی خوێناوی له‌گه‌ڵ رۆڵه‌کانی خۆی به‌ستووه‌ که‌ باشترین و جوانترینیان هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی لاوێتی دا له‌ دڵی خۆی بشارێته‌وه‌. چه‌نده‌ له‌خۆبایی و سه‌رکه‌شه‌، هه‌میشه‌ باشترینه‌کانی بۆ خۆی ده‌وێت.

بێده‌نگی شه‌و، هاڕه‌ی ڕووبار و پۆلی خۆشه‌ویستی گه‌ریلا و مانگه‌ شه‌و، تابلۆیه‌کی جوانی خولقاندبوو. له‌ ده‌ره‌وه‌ی گوندێک، له‌ ناو دارستانێکدا خۆمان حه‌شار دابوو...

که ‌تاپۆی دوو گه‌ریلامان لێ نزیک ده‌بوونه‌وه‌ یه‌ک له‌ یه‌ک باڵا به‌رزتر، به‌ڵام یه‌کیان به‌زه‌حمه‌تر رێگای ده‌بڕی و گۆچانێکی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو. گوتیان ئه‌وه‌یان هه‌ڤاڵ دڵخوازه‌، له‌ ئامێزتم گرت. ئه‌وی تریشیان هاورێ و مامۆستایه‌کی دێرینه‌ی خۆم بوو. له‌ شاره‌وه‌ ئارد و شه‌کر و برنج و زۆر شتی تر هاتبوون که‌ هه‌ڤاڵان له‌گه‌ڵ خۆیان هه‌ڵیان گرت و به‌رێ که‌وتین. به‌ڵام کۆڵه‌که‌ی ئێوه‌ دوو جانتای پڕ له‌ کتێبه‌کانی ڕێبه‌ر ئاپۆ بوو. هه‌ڵتان گرت و وه‌ڕێ که‌وتین. که‌ سه‌یری وه‌زعی قاچت و کۆڵه‌که‌ی سه‌ر شانتم ده‌کرد له‌خۆم شه‌رمم کرد. پرسیارم کرد هه‌ڤاڵ به‌ وه‌زعی قاچته‌وه‌ چۆن له‌ قه‌ندیله‌وه‌ گه‌یشتوویته‌ هه‌ورامان؟

گوتت نازانی؟

گوتم چی؟

گوتت گه‌ریلا به‌ دڵ، به‌ گیان ڕێگه‌ ده‌بڕێت، نه‌ به‌ پا... هه‌ردوکمان بێ ده‌نگ بووین. ئه‌مجاره‌ ته‌نها ده‌نگی گۆچانه‌که‌ی تۆ بوو که‌ بێده‌نگیه‌که‌ی ڕێگای ده‌شکاند، ته‌ق، ته‌ق، ته‌ق...

جارجارێ ده‌که‌وتی و دوباره‌ کۆڵه‌ گرانه‌که‌ت هه‌ڵده‌گرته‌وه‌. به‌ منت گوت:

ئه‌و سیلاحه‌ی من هه‌ڵگره‌!

گوتم هه‌ڤاڵ ڕاکردنی سیلاحی ئێوه‌ گرانه‌، من شیاوی نیم. تۆ که‌ حالی من و بینی بۆ ئه‌وه‌ی من زیاتر شه‌رمه‌نده‌ نه‌بم به‌ پێکه‌نینێ وتت هه‌ڵیبگره‌ قورناز. هه‌ردوکمان که‌نین...

به‌ده‌م رێگاوه‌ گوتت گریان کاری مرۆڤی بێده‌سه‌ڵات و کۆیله‌یه‌. ئاپۆچی فکر ده‌کاته‌وه‌ و حه‌ره‌که‌ت ده‌کات. گوتم نا هه‌ڤاڵ، ئه‌و فرمێسکانه‌م هی شانازی‌ کردنمه‌ به‌ ئێوه‌. ئه‌مه‌ یه‌کم دیدار و دوایین دیدارمان بوو.

له‌ ناکاو هه‌واڵی شه‌هید بوونی تۆ و هێرشی دڕندانه‌ی به‌کڕێ گیراوان هه‌ژاندمی. ويستم بگریم، به‌ڵام بڕوات هه‌بێت هه‌ڤاڵ نه‌گریام. به‌ شانازیه‌وه‌ له‌ ‌هه‌ورامان ڕوانیم. بۆ ماوه‌یه‌ک بێده‌نگ بووم، لێوانلێو بووم له‌ شانازی، غرور، له‌ خۆشه‌ویستی و حال و وه‌زعێک که‌ نازانم ناوی بنێم چی...

بیرم له‌ هاتنم بۆ کۆساڵان ده‌کرده‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ڕووبه‌ڕوی هه‌ڤاڵان ببمه‌وه‌، تۆ نه‌بوویت من چی بکه‌م... چی بڵیم و چۆن ڕوبه‌ڕویان ببمه‌وه‌.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م جاره‌ هاتم به‌ شوانه‌کانی هه‌ورامان ده‌ڵێم که‌ له‌ حه‌زینترین سیاچه‌مانه‌کانیاندا ناوی بینگۆل، شوێنی له‌ دایک بوونت له‌ بیرنه‌که‌ن.

به‌ سیروان ده‌ڵێم، ئه‌م ساڵ کاتی یاخی و ڵێڵ، هه‌ورامانی به‌جێ هێشت، چیرۆکی قاره‌مانێتی تۆ له‌ دڵتای به‌یه‌ک گه‌یشتن و یه‌کبوون دا بۆ دیجله وفورات و هێزل باس بکات.

به‌ شاهۆ ده‌ڵێم له‌ ڕۆژی سه‌ربه‌ستی دا له‌ کاتێ له‌گه‌ڵ قه‌ندیل وبۆتان و بێستون، گۆڤه‌ند ده‌گرن، جامانه‌که‌ی تۆ  بکه‌ن به‌ چۆپی و ئاڵایان له‌سه‌ر به‌رزترین شوێنی کوردستان دابنێن.

به‌ ژڕه‌ژه‌کانی داوێنی کۆساڵان ده‌ڵێم، له‌ قاسپه‌قاسپی خۆشه‌ویستیاندا، ناوی گه‌ریلا و ناوی دڵخواز له‌ بیر نه‌که‌ن. هه‌ورامانیش به‌ شاهید ده‌گرم که‌ خوێنی سووری ئێوه‌ ئاڵای سه‌رکه‌وتنی داهاتوو و ڕه‌مزی شکانی سنووره‌ ده‌ستکرده‌کانی داگیرگه‌ران بێت و پێکه‌نینه‌که‌ی تۆ هاواری سه‌ربه‌ستی و سه‌رفرازی گه‌لێکی بن ده‌ست بێت که‌ بڕوا و متمانه‌ و ئیمانی، به‌ هێزی لاوانی خۆیه‌تی. دڵنیاشم ده‌نگی ته‌قه‌ ته‌قی گۆچانه‌که‌ی ده‌ستت قه‌ت خامۆش نابێت.

هاره‌ی هێلکۆپتێره‌که‌وه‌ و زڕمه‌ی تۆپ و ده‌سترێژی داگیرکه‌ران ته‌قه‌ی گۆچانه‌ت ناشارێته‌وه‌.

ته‌ق، ته‌ق، ته‌ق...

سه‌فه‌رت خۆش هه‌ڤاڵ، سه‌فه‌رت خۆش

 

                                                                                                 ڕێبین مانا(فەرزاد کەمانگەر)