ئاپۆ: (دۆنجوان/ فرانکشتاین)ە سیاسییەکەی کورد

 

شارا تاهیر

ژنۆلۆژی یان فێمێنیزمی ئاپۆیی؟

ئاپۆ تۆقێنەرە، دڕندەیە و بکوژ، هەڕەشەکارە و مەترسیدار، جۆرێکە لە فرانکشتاینی سیاسی لە بۆسەی ناکاودا کە ئیشی بەتەنها ئەوەیە تیرۆری خۆمان و ژن و کچ و مناڵەکانمان بکات، ناخافڵانە و بە شەو بێتە سەرمان، پەلامارمان بدات و بە بارمتە بمانگرێت و لەبەرامبەر نرخێکدا بمانداتەوە بە خاوەنەکانمان. دۆنجوانیشە، بەو مانایەی کە کارەکتەرێکی رۆمانسی و سەرنجڕاکێشی خاوەن ئەفسونێکە یەزدانی، کە بە ناوی عەشق و سۆزەوە کچۆڵەکان، کیژەکان، ژنەکان دەبات بۆ خۆی، سەرسامیان دەکات و بەڵێنی ژیانێکی ئازاد و خۆشگوزەرانیان پێدەدات. وەک دەبینین ئێمە لەبەردەم دوو چەشن ئاپۆداین کە هەردووکیان زادەی گوتاری میدیای تورکی و حیزبە کوردستانیەکانن بۆ ئاپۆ کە ‌هیچ نییە جگە لە ترسیان لەو، نەوەک بنچینەیەکی واقیعیانەی هەبێت. گومان لەوەدا نیە کە ئاپۆ وەک دامەزرێنەری بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕیی کە یار و نەیاری خۆی هەیە، هەوادار و دوژمنی خۆی هەن، بەڵام ئەمە هیچ لەوە ناگۆڕێت کە ئاپۆیزم شتێکی ترە کە دەبێت لە دەرەوەی ئەم دوالیزمە (دۆنجوان/فرانکشتاین) یە بخوێنرێتەوە و ببینرێت. فۆبیا لە ئاپۆیزم وەک یەکێک لە تاعونەکانی گوتاری چارەکە سەدەی ڕابردووی حیزبە کوردیەکانی باشوری کوردستان، نەک هەر دیاردەیەکی مێژووییە کە شایستە بە لەسەر وەستانە، بەڵکو جۆرێکیشە لە ڕەفتار و بەرپەرچدانەوەی سایکۆلۆژی کە بووە بە دۆخ، دۆخێک کە جۆرێکە لە میکانیزمی بەرگری دژ بە ئاپۆیزم و بەرەنگاربوونەوەی.

تۆقین لە ئاپۆیزم بەربەستێکی وای دروستکردووە کە هەمووان وەک زۆنێکی مەترسیدار، ئەدەبیاتێکی دڕندە لە کارەکانی دەڕوانن و تا ئاستی شێواندن و سانسۆرکردنی، هێرشی دەکەنە سەر.  هەر وەک ئاپۆ خۆی دەڵێت (کاتێک دەرکم بە زەرورەتی ئەم خەباتە کرد، خەبات بۆ ئازادیکردنی ژن منیان کردە بۆمبێکی ئامادەکراو، کە لە هێرۆشیما مەترسیدارە،  لێ منیش بە ئاگاوە ئەلقەی بۆمبەکەم ڕاکێشا و تەواوی کەرەستەکانم بە ڕووی خوڵقێنەری بۆمبەکەدا دایەوە). ئاپۆیزم مەترسیدار نیە بەو مانایەی کە گوتاری میدیای حیزبە کوردیەکان بە بەردەوامی هۆڤاندویانە و لەبەرگە مرۆیی و ژندۆستیەکەی کە لە بنەڕەتدا لای خودی ئاپۆ ژیاندۆستیە، دایانبڕیوە و هەمیشە وەک خێوێکی ڕفێندەری ژن، هەڵگری ژن و گرتن و بردنی بە بارمتە، وێنایانکردووە، واتە دوورخستنەوە و دابڕینی ژنان لە شوێنە ئەبەدیەکەی خۆیان کە بریتیە لە چەقی ماڵ و دروستکردنی مناڵ و پەیڕەویکردنی یاساکانی پیاو، بەڵکو خودی ترسەکە لە بینین و دانپێدانانی ئەو وێنەیەدایە بۆ ژن کە ئاپۆ لە هەوڵی دامەزراندنی کارەکتەرەکەیدا وەک هاومانای ژیان و سەرچاوەی خودی ژیان خۆی. بەم مانایەیش دەتوانین قسە لەسەر جۆرێکی دیکە لە ئاپۆیزم بکەین کە جێندەری و فێمێنیستیانەیە: فێمێنیزمی ئاپۆیی کە لە لای خۆی بە تێرمی ژنناسی یا ژنۆلۆژی ناودەبرێت.

بە باوەڕی من یەکەمین کار کە بۆ شێواندنی فەلسەفەی ئەم سەرکردە کوردە کرابێت و پەراوێزی خستبێت، بەرجەستەکردنی میکانیزمە سەربازی و پارتیزانیەکانی بەرنامەکەی بووە، واتە بەبەردەوامی میلیتاریزەکردنی ئافرەت لە شۆڕشێکدا کە وەک خودی ئاپۆ خۆی دەڵێت: یەک پارچە ئاگرە[1]! هیچ کام لە شیکەرەوە سیاسیەکانی ئەم مانیفێستە فێمێنیستیەی ئاپۆ بۆ ژنناسی بایەخیان بە ڕەهەندە جێندەریەکەی ئەم کتێبە نەداوە، هێندەی جەختیان لەسەر لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکەی کردۆتەوە کە گوایە ئاپۆیزم جۆرێکە لە ئایدیۆلۆژیای مەحف و هەڵوەشاندنەوەی سترەکتوری تەقلیدیانەی خێزانی کوردی، بەوەی کە کچەکان لە ماڵ دەردەکات و بە فریوی ئازادی دەیانکاتە سووتەمەنی جەنگێکی نابەرابەر و بێوادە کە دەرەنجامەکەی هەر ماڵوێرانیە بۆ ژنان خۆیان. دیارە ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئاپۆ ڕەخنە لە خێزان ناگرێت وەک مۆدێلێکی بچووکراوەی دەسەڵات و پیاوگەرایی کە پیویستی بە هەلوەشانەوە و سەرلەنوێ دروستکرندوەیە، بەڵام داخۆ ئامانجی ئاپۆ لەو تێزەیەی بۆ ژنناسی دیسانەوە بە قوربانیکردنەوەی ژنە یان مەبەستی بەخشینەوەی خەسڵەتە پۆزەتڤەکانی ژن خۆیەتی بە خۆی کە پێشتر پیاو لێی دزیوە: ئازایەتی، ژیاندۆستی، شکۆمەندی، خوداوەندی و ڕۆڵی وەک کارگێڕێکی چالاکی ئابووری؟ بەکورتی، ئامانجی من لە سەرلەنوێ خوێندنەوەی ئەم کتێبە وەک یەکەمین مانیفێستی فێمێنیستیانەی کوردی کە لەلایەن پیاوێکەوە نووسراوە و دەستپێشخەری کردووە لە دامەزراندنیدا وەک گوتار، بریتیە لە تیشکخستنە سەر ڕەهەندە فێمێنیستیەکانی و گفتوگۆکردن لەسەر خودی تێزەکە تا بەرچاوڕوونیەک بدەین بەوانی تر، تا بتوانن لە دەرەوەی قاڵبە ئایدیۆلۆژیەکەی ئاپۆیزم وێنەی ئەو ژنە ببینن کە ئەم پیاوە هەوڵ بۆ دامەزراندن و سەرلەنوێ داهێنانەوەی، دەکات.

 


 بڕوانە، ئاپۆ: ژنۆلۆژی، لاپەڕە ٦٠. [1]