من چیام... بەڵێ هەر ئەو چیایە کە هەر رۆژ هەواڵی ئاگر گرتن و بۆمبارانی دەبیسن، رەنگە هێندێکتان دڵتان بە من بسوتێت، هێندێکیشتان خۆشحاڵ بن و هێندێکی ترتان ناڕەحەت بن. هەر رۆژ تۆپ و خۆمپارەم لە دڵ دەدەن کەچی نە تەنیا دڵم کپ نابێت بەڵکو، جوانتر لە جاران لێدەدات تاوەکو دەوام بکات بۆ ئەوەی ببمە پەنای کچ و کوڕە شۆڕشگێڕەکان.

 تەوار ژیروان

من چیام... بەڵێ هەر ئەو چیایە کە هەر رۆژ هەواڵی ئاگر گرتن و بۆمبارانی دەبیسن، رەنگە هێندێکتان دڵتان بە من بسوتێت، هێندێکیشتان خۆشحاڵ بن و هێندێکی ترتان ناڕەحەت بن. هەر رۆژ تۆپ و خۆمپارەم لە دڵ دەدەن کەچی نە تەنیا دڵم کپ نابێت بەڵکو، جوانتر لە جاران لێدەدات تاوەکو دەوام بکات بۆ ئەوەی ببمە پەنای کچ و کوڕە شۆڕشگێڕەکان. ئەو ئاگرە گوڕەی کە رۆژانە تێمی بەردەدەن، نامسوتێنێت بەڵکو، گڕم دەدات، تاوەکو بەهێزتر لە جاران تۆڵە بستێنم. لەسەر هەر بەشە لە جەستەم خوێنی ئەو قارەمانانە هەیە کە بە جەنگاوەری تا دوا دڵۆپی خوێنیان شەڕ و تێکۆشانیان کرد، خوێنی ئەوانە، کەوا تینوێتی ئازادیم دەشکێنێ. سەرم ناسوڕمێت کاتێک دوژمنان دەیانهەوێت من لە ناو ببەن تاوەکو گۆڕەپانی دەسەڵاتی خۆیان پەرە پێبدەن یاخود پەنای شۆڕشگێڕان لە ناو ببەن؛ خەیاڵیان خاوە و نازانن من هێندە لاواز نیم و کین و رق ئەوەندەی سەقامگیر کردووم، کەوا بە تۆپ و ئاگری ئەوان نەڕوخێم.

من خاکورکی بریندارم، برینم بە هیچ دەرمانێک سارێژ نابێت؛ مەگەر دەرمان تۆڵە نەبێت.

من قەندیلی خوێناویم، خوێنم بە هیچ بارانێک ناشۆرێتەوە؛ مەگەر بارانی شۆڕش نەبێت.

شۆڕشێک کە رزگارکەری هەموو چیاکانی کوردستان و گەل بێت، شۆڕشێک کە زامەکانمان سارێژ بکاتەوە.

کاتێک جەستەی پاکی شۆڕشگێڕان و گەلی بێ  تاوان لەسەر جەستەم رادەکشێت و تەنانەت دەنگی ناڵەیان نابیسم؛ پێم خۆشە دەستی بگرم و روحێکی نوێی بدەمێ، روحێک کە لێوانلێو بێت لە رق، هەستی تۆڵەسەندنەوە و نیشتمان پەروەری. ئەو کاتەیە کە پێی دەڵێم ئیتر تۆ روحێکی نوێت هەیە بۆ تۆڵەسەندنەوە، بۆ ژیانێکی پڕ لە واتا و عەشقی نیشتمانەکەت؛ هەستە و تۆڵەی هاوڕێیانت بستێنەوە، هەستە و لە هیچ ناپاکێک خۆش مەبە.

 رۆڵەکانی ئەم نیشتمانە کە بۆ بژێوی ژیانیان روویان لەم کوێستانانە کردووە و لەسەر کۆڵیان بارێکی لە کێشی خۆیان قورس تر هەڵدەگرن، کاتێک کەجەستەیان زامدار دەبێت و خوێنی لێ دەڕژێت و ناڵەی بێدەنگیان گوێی من و شاخەکانی تر دەجرینگێنێتەوە و کەس نییە بێت و هەڵیگرێتەوە، ئەو کاتەیە کە ئاوات دەخوازم کە خۆزگە ئەمنیش وەکو مرۆڤەکان بام و توانای رێگا رۆیشتنم هەبا تاوەکو لە باوەشم کردبا و بەرەو نەخۆشخانەی زامی فەقیریم بردبا. نەخۆشخانەیەک کە تەنیا زامی کەسانی فەقیر سارێژ بکەنەوە.

کاتێک دارەکانی ناو دڵم ئاگر دەگرن و ژینگە پارێزان بۆ ئەوەی دڵم نەسوتێت گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و گیانیان بەخت دەکەن؛ ئەو کاتەیە کە بە ئەسرینی چاوەکانم ئاگری ناو دڵم دەکوژێنمەوە و دەڵێم خۆزگە من سووتابام و جەستەم هێدی هێدی توابایەوە بەڵام ئەم رۆڵانەی ئەم نیشتمانە گیانیان لە دەست نەدابا.           

کاتێک فیشەکی تفەنگی راوچییە بەدخویەکان باڵای جوانی ئاسکە ناسکەکان زامدار دەکات، ئەو کاتەیە کە ئارەزوو دەکەم کە خۆزگە توانیبام خۆم بخەمە پێشی و بۆی بووبام بە قەڵغانێک تاوەکو فیشەکی نەیارانی ژینگە بالای منی زامدار کردبا نەک ئی ئەوان.   

کاتێک رۆڵەکانی ئەم نیشتمانە لەسەر خاکی دایکییان خەیانەت دەکەن و رۆڵە دلێرەکانی ئەم نیشتمانە شەهید دەخەن و بۆ خۆیان چڵپاوی دەستی بێگانە دەنۆشن و ئەم رێگایە بەردەوام دەکەن، ئەو کاتەیە کە دەڵێم خۆزگە ئەم نیشتمانە تەنیا رۆڵەی باوەفا و بوێری لێ لە دایک بووبا و ئەم خەیانەتکارانە منداڵی ئەم نیشتمانە جوانە نەبان.

کاتێک خۆم دەخەمە جێگەی نیشتمانی دایک، کاتێک هەست بە هەستی بە ئێشی ئەو دەکەم کاتێک کە دەبینێت هێندێک لە رۆلەکانی خەیانەتی لێدەکەن و هێندێکی تر لە رۆڵە جوامێرەکانی بە هۆی خەیانەتی خوشک و برا ناپاکەکانیان شەهید دەکەون؛ ئەو کاتەیە کە ئاوات دەخوازم خۆزگە لە کاتی دووگیان بوونی ئەو رۆڵە خەیانەت کارانە منداڵەکەی لەبار چووبا و هەرگیز ئەو رۆڵە ناپاکانە بە دونیا نەهاتبان.

ئەگەر هەموو ئەم خۆزگانەمان بەدی هاتبان؛ هەنووکە شاخە سەرسەوز و جوانەکانی کوردستان لە هەموو وەرزەکانی ساڵ دا سەوز و جوان دەمانەوە و گوڵەکانمان سیس نەدەبوون، هەنووکە رۆڵە بێتاوان و فەقیرەکان بۆ پەیدا کردنی بژێوی ژیانیان گیانیان بەخت نەدەکرد، هەنووکە ژینگە جوانەکەی کوردستان هەناسەیەکی پاکی هەڵدەمژی و هەرگیز خەمبار نەدەبوو، هەنووکە هەموو گیانلەبەران مافی ژیانیان دەبوو، هەنووکە رۆڵە شۆرشگێڕ و جوامێرەکانی نیشتمانی دایک، دایکیان لە ژێر دەستی زۆرداران دەردێنا و بە ئازادی و سەربەستی لەناو دڵی دایکیان دا ژیانیان دەکرد.