پەیامی کەژار لەسەر ساڵیادی شەهیدانی٩ی گوڵان

وەکو کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی کوردستان KJAR یادی شەهیدانی نەمر، هاوڕێیانی رۆژ و میلیتانانی زیندانان بەرز رادەگرین و سەری رێز و نەوازش بۆ هەموو فیداییانی ئازادی دەنەوێنین و سوێندی بڵندکردنی تێکۆشانیان دەدەین. شەهید ئەو کەسەیە خۆی لە هەموو خواستە تاکەکەسییەکانی داماڵیوە. لە پێناو ژیانێکی ئازاددا گیانی خۆیان فیدا کردووە. لە هەموو کات و ساتێکی ژیانیاندا بۆ گەلەکەیان تێکۆشانێکی بێ وێنەیان کردووە. ئەگەر ژیانێکی بێ کۆتایی هەبێت، ئەوا پێناسەکەی تەنیا لە فیداییانی ئازادیدا دەدۆزرێتەوە.

لە بەرامبەر بە سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەردەوام بەرخۆدێرییەکی داستانئاسا هەبووە. لە چیاکانەوە تا بە زیندانەکان و لە هەموو شوێنێکی کوردستان تێکۆشانی شەهیدانمان بووەتە بانگەوازی ئازادی گەلان. هێرشە قڕکارییەکانی رژێمی ئێران هیچ دەستوورێکی خۆی و مافێکی مرۆڤ ناناسێت. لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەسایەتی ئەم هەڤاڵانەدا و بە پێشەنگایەتی گەلی کورد لەدژی زیهنییەتی دەوڵەت نەتەوەی پەرستیاری یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک ئاڵا، راپەڕین و سەرهەڵدان کراوە.

لە تێکۆشانی ئازادیدا هەر رۆژێک لە مانگی گوڵان بە قارەمانێتییەک بەڕێ کراوە. شەهیدانمان بۆ خوڵقاندنی ژیانێکی نوێ گیانی خۆیان فیداکردووە و بوون بە سیمبۆڵی تێکۆشانی ئازادی گەلەکەیان. رۆژی 9ی گوڵانی 2010 رژێمی فاشیستی ئێران (5) قارەمانی ئازادی لە سێدارە دا. رژێمی فاشیستی ئێران بە لە سێدارەدانی شیرین عەلەمهولی، فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکیلی و مەهدی ئیسلامیان ویستیان دەنگی ئازادی گەلان سەرکوت بکەن. بەڵام بە لەسێدارەدانی ئەم هەڤاڵانە دەنگی ئازادی گەلان بڵندتر بوو و ئەم دەنگە رژێمی ئێرانی خستە ناو ترسێکی گەورەوە. بۆ ئەوەش تەرمی شەهیدانیان نەدایەوە بە خانەوەدەکانیان. بەمەش سەلماندی کە تەنانەت لەبەرامبەر بە تەرمی شەهیدانیش دڵ بە ترسن.

لەبەرامبەر بە دەسەڵاتی رژێمی ئێرانی پیاوسالار کە بەهیچ شێوەیەک ژن ناناسێت و مافەکانی ژنان دەستەبەر ناکات، شیرین عەلەمهولی بوو بە دەنگی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. هەموو ئان و ساتێکی ژیانی خۆی بە گەڕان و بەدواداچوون و تێکۆشانی ئازادی بردەسەر. لە کونجی زیندانیشدا لەبەرامبەر بە هێرش و ئەشکەنجەکانی دوژمن خاوەنی بەرخۆدانێکی بڵند و بەهادار بوو. هەرگیز تەسلیمییەتی پەسەند نەکرد و گوتی" هیچم نەکردووە تا تەسلیم ببم، تەنیا خواست و ویستم ئەوەیە وەکو ژنێکی کورد بە ئازادی بژیم". شیرین عەلەمهولی بەم گوتەیەی  بوو بە سیمبۆڵی ئازادی گەلەکەی. لە سەرتاسەری جیهاندا کام پێکهاتەی کۆمەڵگا بچەوسێندرێتەوە، زیاترین هەڵوێست و سەرهەڵدانی تێدا پێشدەکەوێت. بێ گومان لە سەرتاسەری جیهاندا کێشەی ژن هەیە، بەڵام لە ئێراندا زوڵم، گوشار و شکاندنی ئیرادەی ژن لە باڵاترین ئاستدایە. هەموو ئەو هێرشانە دەبنە هۆکار بۆ هاتنە پێشەوەی ژنانی وەکو شیرین عەلەمهولی.

شەهید فەرزاد کەمانگەر بە هەڵوێستی پێشەنگییانەی خۆی، حەقیقەتی مامۆستای نیشاندا. شەهید فەرهاد زیهنییەتی تاکپەرستی بەسەردا سەپێندراوی پەسەند نەکرد و لەبەرامبەریدا بەرخۆدانییەکی گەورەی نیشاندا. شەهید عەلیش بە هەڵوێستی سادقانە و پابەندییانەی بە گەلەکەی و ئاواتی ئازادییەوە، هەرگیز ئەو زیهینییەتە تەسلیمکارییەی قبوڵ نەکرد. لەبەرامبەر بە زیهنییەتی رژێمی ئێران کە دەخوازێت بە لێدان، ئەشکەنجە، گرتن و سێدارە ئیرادەی گەل تەسلیم بگرێت، تێکۆشانی ئەم شەهیدانە بوو بە رۆشنایی ئاسۆی ئازادی هەموو گەلان.

شیرین عەلەمهولی، فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکیلی و مەهدی ئیسلامیان بە دڵسۆزییەکی گەورەوە لە تێکۆشانی ئازادیدا لە دڵی گەلەکەیاندا جێگەی خۆیان کردەوە و بوون بە سیمبۆڵی بەرخۆدانی لە زیندانەکاندا. شەهیدانی مانگی گوڵان بە بەرخۆدێرییان بوون بە پێشەنگی ئازادی.

ئێمە وەکو کۆمەڵگای ژنانی ئازادی کوردستان KJAR بانگەوازی لە هەموو گەلان و بەتایبەتیش لە ژنان و گەنجان دەکەین کە خاوەنداری لە شەهیدانیان بکەن و ئازادی گەلان مسۆگەر بکەن. لەسەر ئەم بناخەیە جارێکی تر سوێندی بەردەوامیدان بە رێ و رێبازی ئەم شەهیدانە و تێکڕای شەهیدانی ئازادی گەلان دووپات دەکەینەوە.

 

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی کوردستان KJAR

08/05/2017