هۆ کچە چیاییەکەی ماکۆ!

هۆ لێو بە بزەکەی ناو خەمخانەکەی وڵاتی بێ خەمخۆران!

هۆ شیرینی  وەڕەس لە تەشی، تیشە بە دەست!

هۆ ڕوناکی بەخشی ئەو دەلاقە مۆرانەی وا لە چاوەڕوانی نووردا، تەوژمی تەمی ماتەم تێکی شکاندوون!

مادکۆ شانازی ئەکات بەو تەوارە یاخییانەوە وا تا تەشقەڵانی فڕین چوون و موژدەی هاتنەوەی ئەهورامەزدایان بۆ دارەپیرە و ئاتەشگە دامرکاوەکان هێنایەوە.

ئەی کچی وڵاتی میدیا! بە دەستێکت فرمێسکەکانی ماکۆت ئەسڕییەوەو دەستەکەی ترت لە ملی خەمەکانی کیژە چاو بە فرمێسکەکانی تاران دا بوو. بە چاوێکت بۆ نێرگزە ژاکاوەکانی کوردستان ئەگریایت و چاوەکەی دیکەت بۆ نیگای تامەزرۆی ئەو ژنانەی وا نامۆ بوون بە بەرامەی ڕۆحت، دروێنەی تیشکت لە بەردەم تریفەی هیوا دەکرد.

ئێڤین بووە دوا ژوانگەی تۆ و نیشتمان. ئەڵێی گەردوون ئەیزانی "روناهی" ئەتوانێت دڕ بە تاریکی چڕی ئێڤین بدات. چارەنووس چاوەڕوانت بوو تا واتا بخوڵقێنی و ڕوناکایی ڕۆحی ئەستێرە ئاسات بپرژێنی بە دیوارە خەم لێ نیشتووەکانی ئێڤین دا.

ژوورەکانی ئێڤین ساڵانێکە گوێیان لە ناڵەی گەزیزە و هاواری چرۆ و قیژەی ئەستێرەیە!

دیوارەکانی ئێڤین زۆر لە مێژە بوونەتە سەنگی سەبووری ئازادی و ژیلەمۆ لە ئامێزیاندا حەشار ئەدەن!

تەلبەندەکانی ئێڤین ماندوون لەوەی شمشێری ڕق کردوونی بە وەردیانەی هەست و جوانی!

ساتەکانی ئێڤین تەژین لە گڕکانی تۆڵە!

ئێڤین لە نامەیەکیدا کە بۆ چاوەکانت نووسیبووی و لە هەزارتوێی دڵەڕاوکێ و مەترسی دا شاردبوویەوە و لە هەناوی کۆترە سپیلکەی خەیاڵیدا بۆی ناردبووی ئاوەهای نووسیبوو:

شیرینەکەم!  ئەی کیژۆڵە یاخییە سنوور شکێنەکەم!

بمبوورە نازەنینە کچ!  لە بێ دەسەڵاتیم ببوورە!  لەوەی کە هاواری پاک و بێ تاوانیت لە ناو دڵی مندا کپ کرا و بزەت لە سێبەری مندا خنکێندرا و پەتی نەفرەت لە بەر چاوانی مندا پەتۆی ژیانی پچڕاندی و منیش هیچم پێ نەکرا جگە لەوەی هەنگاوە چاونەترسانەکانت لە بوخچەی تەنیاییم بترنجێنم و بوێریت بکەمە چرپە چرپ و دوا سروودت بکەمە لای لایەی نەمری.

شیرینە کچ! تۆ ڕۆیشتوویت و بەرامەی چیات بە دیاری بۆ هەناسەکانی ئێڤین جێ هێشت. دیوارەکانی ئێڤین هەر شەو باسی تۆ بۆ تریفەی مانگە شەو ئەکەن. سێدارەکان لەو شەوەوە سەریان شۆڕە کە ڕوناکییان لە دار دا. لەو ساڵەوە و لەو شەوەوە و لەو چرکەوە ئێڤین بووە ژوانگەی ئەڤین...

                                                           ئارین زانا